سینه‌ماكاری كورد (به‌همه‌ن قوبادی) له وتووێژ له‌گه‌ڵ دوو رۆژنامه‌ی ناوداری سربیایی سه‌باره‌ت به سینه‌مای كوردی، گۆڕانكارییه‌كانی و هه‌روه‌ها داهاتووی سیستماتیك و پێشكه‌وتوویی ئه‌م سینه‌ماییانه‌ی تاووتوێكرد.
فیلمی (هه‌ندێك جار چاو له سه‌رێ بكه) نوێترین به‌رهه‌می (به‌همه‌ن قوبادی) له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه فیلمی (چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان) Words With Gods له وڵاتی سربیا نمایشكراو ئه‌م سینه‌ماكاره كورده دوای نمایشی ئه‌م فیلمه له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی نوێترین به‌رهه‌می خۆی له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه فیلمی (چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان)دا هاته ئاخاوتن.
له قوبادی پرسیاركرا كه كاریگه‌رترین ئایدیا سه‌باره‌ت به‌و دوو پیاوه‌ی كه پێكه‌وه نووساون و ئاخاوتنی ئه‌وان له‌سه‌ر عه‌شق و مه‌زهه‌ب وه‌كو دوو كه‌سایه‌تی جیاواز له كوێوه سه‌رچاوه گرتووه؟ ئه‌م سینه‌ماكاره كورده له وه‌ڵامدا وتی: من كوردم و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی سوننه مه‌زهه‌بدا گه‌وره بووم، له قوتابخانه‌كانی ئێران‌دا وانه‌كانی مه‌زهه‌بی شیعه به قوتابیان ده‌وترایه‌وه‌و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا نه‌بوو، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌م جیاوازییانه بۆ من پرسیاری به‌دواوه بوو و كاتێك كه له دایك سه‌باره‌ت به‌م جیاوازییانه پرسیارم ده‌كرد، به منی ده‌وت هه‌مووی ئه‌مانه له‌بیر بكه‌و خۆت بڕیار بده.
وتیشی: بیرۆكه‌ی ئایدیای ئه‌م فیلمه دوای تێپه‌ڕبوونی 40 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی سه‌رده‌می منداڵیمدا هاتووه‌ته مێشكمهوهو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م فیلمه ئه‌وه‌یه كه چه‌توون و سه‌خت نه‌بین و رێز له بیروباوه‌ڕی یه‌كتری بگرین، ئێستاش مه‌زهه‌بی من خودا‌و عه‌شقه.
هه‌روه‌ها (به‌همه‌ن قوبادی) له‌كاتی مانه‌وه‌ی له سربیا له‌گه‌ڵ دوو رۆژنامه‌ی ناوداری ئه‌م وڵاته چاوپێكه‌وتنی كرد‌و سه‌باره‌ت به سینه‌مای كوردی و گۆڕانكارییه‌كانی هاته ئاخاوتن و له به‌شێكی ئه‌م لێدوانانه‌دا رایگه‌یاند كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا كورد ده‌بێته خاوه‌نی سینه‌مایه‌كی سیستماتیك و پێشكه‌وتوو.
سینه‌ماكاری ناوداری سربی (ئه‌میر كۆستاریسكا) چه‌ند ساڵێكه فێستیڤاڵی فیلمی (كاستندۆرف) به‌ڕێوه‌ده‌بات و مه‌به‌ستی ئه‌م فێستیڤاڵه ئاشناكردنی رووخساره گه‌نج و بههرهمهندهكانه له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره‌كانی سینه‌مای جیهان.
(به‌همه‌ن قوبادی) له ته‌نیشت سینه‌ماكارانی ناوداری جیهان له‌وانه: (ئاندره كانچلۆفسكی) هه‌ڵگری خه‌ڵاتی شێری نوقره‌یی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ڤێنیز، (رۆی ئاندرسۆن) هه‌ڵگری خه‌ڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ڤێنیزی ئیتاڵی، (گیلێرمۆ ئاریێگا) سینه‌ماكاری ناوداری مه‌كزیكی، (ئه‌میر كۆستاریسكا) هه‌ڵگری دوو خه‌ڵاتی زێڕینی چڵه‌به‌ڕووی كانی فه‌ڕه‌نساو چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی جیهانی تر‌و هه‌روه‌ها (عادل َخان) ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی (خاوه‌نه‌كان) Owners له فێستیڤاڵی فیلمی (كاستێندۆرف) ئاماده‌بوو.
PUKmedia