ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانبار (٧ی ١ی ٢٠٢٤ی زایینی)، دووەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتی "زارا بۆ زمانی کوردی" لەلایەن ڕێکخراوی "کوردشۆپ" و بە بەشداریی نووسەران، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و خەڵاتەکە پێشکەش بە خاتوو "ئەمینە عەمەر"، نووسەر و وەرگێڕی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەییی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان "وڵات قادری"، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردشۆپ، وتاری خۆی سەبارەت بە گوتاری کوردایەتی، گرینگیی زمان، ئەدەب و کەلتووری کوردی و ئامانجی ڕێکخراوەکە پێشکەش کرد، هەروەها پەرژایە سەر ئامانج و مەبەستی بەخشینی خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی.
لە درێژەدا ئینفۆگرافییەک لەسەر چالاکییەکانی کوردشۆپ لە دوو ساڵی ڕابردووی زایینیدا، بە زمانی کوردیی- سۆرانی بڵاو کرایەوە، پاشان چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانی لەلایەن دوو هونەرمەندی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان، "نوورشین و پەروین" پێشکەش کران.
لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا مامۆستا "سوداد ڕەسووڵ"، وەک نوێنەری لێژنەی داوەرانی خەڵاتی زارا، ڕاپۆرتی لێژنەی داوەرانی خەڵاتەکەی خوێندەوە و ناوی خاتوو "ئامینە عەمەر"ی وەک براوەی ئەمساڵی خەڵاتی زارا ڕاگەیاند.
دواتر مامۆستا "عەبدوڵڵا حەسەنزادە"، کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی زارای پێشکەش بە مامۆستا "خالید محەممەد" وەک نوێنەری خاتوو "ئەمینە عەمەر" لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد. پاشان ڤیدیۆیەکی ئامادەکراو لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی خاتوو "ئەمینە عەمەر" بڵاو کرایەوە.
لە بڕگەی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی ڤیدیۆییی مامۆستا "زارا محەممەدی" کە بۆ ڕێوڕەسمەکە هاتبوو، پێشکەش کرا.
kurdshop.net