Share |

سینه‌ماكاری كورد ته‌ها كه‌ریمی، به‌ هۆی رووداوێكی هاتووچۆ له‌ شاری سلێمانی ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد.

سینه‌ماكاری كورد ته‌ها كه‌ریمی
سینه‌ماكاری كورد ته‌ها كه‌ریمی

سینه‌ماكاری لاوی بانه‌یی ته‌ها كه‌ریمی ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "كوێستانی قه‌ندیل"، كورته‌ فیلمه‌كانی "زریان"، "سنووری ژیان"، "كوێستانی سپی"، "نه‌وت شێرپه‌نجه‌ی شاره‌كه‌م"، فیلمی دیكۆمێنتی "به‌كرێگیراوی سپی"

و فیلمی دیكۆمێنتی سینه‌مایی بڵندی "هه‌زار و یه‌ك سێو"، كاتژمێر 8ی ئێوارێی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 29 ئایار/ مایۆی 2013 به‌ هۆی رووداوێكی هاتووچۆ له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ماڵئاوایی له‌ ژیان و هونه‌ری سینه‌ما كرد.

ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ به‌ دوایین به‌رهه‌می بڵندی دیكۆمێنتی خۆی به‌ ناوی "هه‌زار و یه‌ك سێو" له‌ به‌رهه‌مێهنانی كۆمپانیای "ئاوا میدیا" و سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ساتی ئه‌نفال، له‌ یه‌كه‌مین دیداری جینۆسایدی كورد بۆ كورته‌ فیلمی دیكۆمێنتاری به‌شداری كرد و له‌ رێوره‌سمی كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا له‌ هۆڵی ته‌وار له‌ شاری سلێمانی نمایشكرا.

ته‌ها كه‌ریمی، چه‌ند رۆژ پێش ئێستا به‌ فیلمی دیكۆمێنتی سینه‌مایی بڵندی "هه‌زار و یه‌ك سێو" له‌ به‌شی ئه‌نفال له‌ فێستیڤاڵی فیلمی دیكۆمێنتاری ئامه‌د له‌ شاری ئامه‌د له‌ باكووری كوردستان به‌شداری كرد.

ئه‌م فیلمه‌ دیكۆمێنتارییه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بابه‌تێكی گرینگ ده‌خاته‌ڕوو و چیرۆكی رزگاربوونی پێنج ده‌ربازبووی پێكراو و برینداری ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌نفال بۆ بینه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفال كه‌ 182000 مرۆڤی كورد له‌ لایه‌ن رژێمی به‌عسی عێراق له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی بیابانه‌كانی عێراقدا خرانه‌ ژێرخاكه‌وه‌، ته‌نیا 13 كه‌س توانیان به‌ برینداری له‌ كاتێكدا شاهیدی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بوون، خۆیان رزگار بكه‌ن. سێ كه‌س له‌م 13 شاهیده‌ ئێستا له‌ ژیاندا نه‌ماون و ته‌نیا 10 شاهید زیندوون. ئه‌م شاهیدانه‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی دوایین فیلمی ته‌ها كه‌ریمی، پێكدێنن.

كه‌ریمی، خه‌ڵكی شاری بانه‌یه‌ و ده‌رچووی به‌كالۆریۆسی ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایه‌ له‌ كۆلێژی سینه‌ما ـ شانۆ له‌ زانكۆی هونه‌ری تاران و هه‌روه‌ها قوتابی به‌شی توێژینه‌وه‌ی هونه‌ر بووه‌ له‌ زانكۆی په‌یامی نووری شاری تاران و له‌ ماوه‌ی ژیانیدا فیلمی سینه‌مایی "كوێستانی قه‌ندیل"، كورته‌ فیلمه‌كانی "زریان"، "سنووری ژیان"، "كوێستانی سپی"، "نه‌وت شێرپه‌نجه‌ی شاره‌كه‌م"، فیلمی دیكۆمێنتی "به‌كرێگیراوی سپی" و  فیلمی دیكۆمێنتی سینه‌مایی بڵندی "هه‌زار و یه‌ك سێو" ساز كردووه‌.

 "كوێستانی قه‌ندیل" یه‌كه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌مایی ته‌ها كه‌ریمییه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ 12 فێستیڤاڵ له‌ ئاستی جیهاندا نمایشكرا، له‌وانه‌: 41ـه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "گوا" له‌ وڵاتی هێندستان، نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "چاوی سێیه‌م" له‌ شاری بۆمبای له‌ وڵاتی هێندستان، حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دوبه‌ی" له‌ وڵاتی ئیمارات، نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "تیرانا" له‌ وڵاتی ئه‌لبانیا، 10ـیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئه‌ستانبۆل" له‌ وڵاتی توركیا، فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلم گه‌لی عه‌ره‌بی له‌ شاری ئه‌مستردام له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا، حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا و چه‌ندین فێستیڤاڵی دیكه‌.

فیلمی سینه‌مایی "كوێستانی قه‌ندیل" دوو خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌:

ـ خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی 15مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئۆرێنس" له‌ وڵاتی ئیسپانیا له‌ ساڵی 2010.

ـ خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی دیجیتاڵی هێندستان له‌ ساڵی 2012.

فیلمی دیكۆمێنتی "به‌كرێگیراوی سپی" له‌ ده‌رهێنانی ته‌ها كه‌ریمی له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵ له‌ ئاستی دنیادا نمایشكراوه‌، له‌وانه‌:

ـ له‌ به‌شی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "كوریتیبا"یCuritiba له‌ وڵاتی به‌رازیل له‌ ساڵی 2012.

ـ له‌ به‌شی پێشبڕكێی "پانۆڕاما: ره‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌كان" له‌ میانه‌ی 25مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی دیكۆمێنتی ئه‌مستردام "ئیدفا" IDFA له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا له‌ ساڵی 2012.

ئه‌م فیلمه‌ 60 خوله‌كییه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگیشی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌:

ـ خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی باشترین فیلمی پێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "گۆڵف" له‌ وڵاتی ئیمارات له‌ ساڵی 2012.

ـ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سینه‌ما حه‌قیقه‌ت" له‌ وڵاتی ئێران له‌ ساڵی 2012.

ته‌ها كه‌ریمی، له‌ ساڵانی رابردوودا كورته‌ فیلمی چیرۆكی "كوێستانی سپی" و كورته‌ فیلمی

دیكۆمێنتی "نه‌وت شێرپه‌نجه‌ی شاره‌كه‌م"ی ساز كردووه‌ و به‌م دوو كورته‌ فیلمه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك فێستیڤاڵی جۆراوجۆر له‌ ئاستی دنیادا به‌شداری كردووه‌، له‌وانه‌:

ـ شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا له‌ ساڵی 2009 به‌ كورته‌ فیلمی "نه‌وت شێرپه‌نجه‌ی شاره‌كه‌م".

ـ 17مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئێسجاردی" له‌ وڵاتی ئیتالیا له‌ ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

ـ 25مین خولی فێستیڤاڵی كورته‌ فیلمی "بلاك" له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

ـ فێستیڤاڵی فیلمی "گۆڵف" له‌ ئیمارات له‌ ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

ـ فێستیڤاڵی فیلمی "سین" له‌ ئیتاڵیا له‌ ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

كه‌ریمی به‌ ئاماده‌بوون له‌م فێستیڤاڵانه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگشی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌:

ـ خه‌ڵاتی یه‌كه‌می به‌شی ده‌رهێنه‌ری كورته‌ فیلمه‌ چیرۆكییه‌كان له‌ 23مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی تاران له‌ ساڵی 2006 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

ـ كاندیدی سیمورغی بلوورین له‌ به‌شی "چاوی واقعییه‌ت" له‌ 24مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له‌ تاران له‌ ساڵی 2005 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

ـ خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی ده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئاڵتێرناتیو" له‌ رۆمانیا له‌ ساڵی 2009 به‌ كورته‌ فیلمی "نه‌وت شێرپه‌نجه‌ی شاره‌كه‌م". 

ـ خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "جیپوور" له‌ وڵاتی هێندستان له‌ ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "كوێستانی سپی".

ـ خه‌ڵاتی دووه‌می به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی فێستیڤاڵی فیلمی "یونیسپار" UNCIPAR له‌ وڵاتی ئه‌رژه‌نتین له‌ ساڵی 2010 به‌ كورته‌ فیلمی "نه‌وت شێرپه‌نجه‌ی شاره‌كه‌م".

ته‌ها كه‌ریمی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دادوه‌رانی یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیه‌ له‌ شاری رانیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلم و وێنه‌ی "ژیار" له‌ شاری بیجاڕ و چه‌ندین فێستیڤاڵی دیكه‌ی كوردستانی له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌.

 

 

 

تاران 30 ئایار/ مایۆ(PNA) ـ مه‌نسوور جیهانی/ پ. ف