Share |

شه‌هرام نازری خه‌ڵاتی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی به‌ده‌ستهێنا

           

 

گۆرانیبێژی كورد "شه‌هرام نازری" خه‌ڵاتی ته‌ندیسی حافزی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی له‌ پازده‌یه‌مین جه‌ژنی "دنیای وێنه‌یی" به‌ده‌ستهێنا.

 

گۆرانیبێژی ناوداری كرماشانی "شه‌هرام نازری" به‌ گۆرانی تیتراژیی كۆتایی فیلمی سینه‌مایی "ئێران بێرگێر" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری لوڕ "مه‌سعود جه‌عفه‌ری جه‌وزانی" و به‌ ئاوازدانانی موزیكزانی لاوی ئێرانی "ئه‌ڕه‌شك ره‌فیعی" له‌ پازده‌یه‌مین جه‌ژنی سینه‌مایی ـ ته‌له‌ڤیزیۆنی "دنیای وێنه‌یی" ئێران، بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات كاندید كرابوو، له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م جه‌ژنه‌ سینه‌ماییه‌وه‌ وه‌كوو باشترین گۆرانیبێژی ساڵی ئێران له‌بواری سینه‌مادا ده‌ستنیشانكرا و له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ری ناودار و پێشه‌نگی ئێران "جه‌مشید مه‌شایخی" خه‌ڵاتی ته‌ندیسی حافزی ئه‌م جه‌ژنه‌ی پێبه‌خشرا.

شه‌هرام نازری" كه‌ به‌ شوالییه‌ی ئاوازی ئێران و كوردستان ناسراوه‌ له‌ وتوێژێكی تایبه‌تدا سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ سینه‌ماییه‌ وتی: له‌ڕاستیدا هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به‌ درێژایی ژیانی خۆی خه‌ڵاتی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرێت، منیش وه‌كوو هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ خه‌ڵاتی زۆرم وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌م خه‌ڵاتانه‌م كه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه‌. ئێستاكه‌ كه‌ خه‌ڵاتی ته‌ندیسی حافز وه‌رده‌گرم زۆر خۆشحاڵم، چونكه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی سینه‌ما ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌رده‌گرم، چونكه‌ بۆخۆم هۆگرییه‌كی زۆرم پێیان هه‌یه‌ و به‌ پله‌ی دووه‌م له‌ ده‌ستی "جه‌مشید مه‌شایخی" مامۆستا و یه‌كێك له‌ ئه‌فسانه‌كانی سینه‌ما ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌رده‌گرم. ئێستا كه‌ له‌ ناوخۆی وڵات ئه‌م خه‌ڵاته‌م پێده‌به‌خشن، بۆ من زۆر ده‌ستكه‌وت و شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌.

 

ئه‌م گۆرانیبێژه‌ كورده‌ سه‌باره‌ت به‌ درێژه‌پێدانی هاوكارییی خۆی له‌ بواری سینه‌مادا وتی: له‌م بواره‌دا بێگومان له‌ داهاتوودا ئه‌زموونی دیكه‌ ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاروابوو له‌ هه‌شتاكاندا له‌سه‌ر داوای ده‌رهێنه‌ری ناودار و كۆچكردووی ئێران "عه‌لی حاته‌می" له‌فیلمی سینه‌مایی "دلشدگان" واته‌ "دڵداره‌كان" وه‌كو گۆرانیبێژ به‌شداریی بكه‌م، به‌ڕێزیان له‌ رێگای "جه‌مشید مه‌شایخی" ویستیان له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ من ئاشنا بن و له‌م كاره‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداریی بكه‌م. به‌ڵام به‌هۆی كۆنسێرت له‌ وڵاتی ئه‌مریكا نه‌متوانی به‌شداریی بكه‌م.

وتیشی: من بۆخۆم هۆگرییه‌ی زۆرم به‌ دنیای سینه‌ما هه‌یه‌ و سروشتییه‌ كه‌ حه‌تمه‌ن له‌داهاتوودا له‌ بواری سینه‌مادا وه‌كوو گۆرانیبێژ به‌شداریی بكه‌م و بێگومان هه‌ر ئه‌و كاره‌ش ده‌كه‌م.

هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ری به‌ئه‌زموونی سینه‌مای ئێران "جه‌مشید مه‌شایخی" سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی "شه‌هرام نازری" گوتی: به‌ڕێزیان نه‌ ته‌نیا له‌ بواری مۆسیقادا پێگه‌یه‌كی ئاست به‌رزیان هه‌یه‌ به‌ڵكوو له‌ بواری ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بیاتیشدا شاره‌زایی و لێهاتووییه‌كی ته‌واویان هه‌یه‌.

شه‌هرام نازری" بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ له‌ بواری سینه‌مادا گۆرانیبێژی فیلمێك له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و له‌ڕاستیدا خوێندنی گۆرانی تیتراژیی كۆتایی فیلمی سینه‌مایی "ئێران بێرگێر" لایه‌نێكی دیكه‌یه‌ له‌ توانایی و شاره‌زایی ئه‌م گۆرانیبێژه‌ ناوداره‌ كورده‌ له‌ بواری خوێندندا.

چڕینی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ لایه‌ن شوالییه‌ی ئاوازی ئێران و كوردستان شێوازێكی دیكه‌یه‌ له‌ خوێندن و ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ئه‌زموونه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌خوێندنی كاره‌ نۆیه‌كان له‌ مۆسیقادا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو بنه‌ماكانی موزیكی ئێرانی پێشڕه‌وه‌ له‌ خوێندنی تیتراژیی فیلمی سینه‌مایی "ئێران بێرگێر"یشدا شێوازێكی نوێی له‌ خوێندن ئاراسته‌ی هۆگرانی موزیك كردووه‌.

گۆرانی تیتراژیی كۆتایی فیلمی سینه‌مایی "ئێران بێرگێر" به‌ پێی شیعری "به‌هانه‌" واته‌ "بیانوو" كه‌ به‌ "دانه‌های باران" واته‌ "تكه‌كانی باران" ناسراوه‌ و به‌رهه‌می شاعیری ناودار و كۆچكردووی ئێرانی "سیاوه‌ش كه‌سرایی"یه‌، به‌ ئاوازدانانی "ئه‌ڕه‌شك ره‌فیعی" و به‌ هاوكاری ژه‌نیارانی پێشه‌نگی موزیكی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی ئۆركستڕای گه‌وره‌دا سازكراوه‌.

دوایین قۆناغه‌كانی تۆماركردنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ لایه‌ن "ئاڕش عادل پوور" له‌ ستۆدیۆی "ته‌رانه‌ی سه‌مان" له‌شاری تاران ئه‌نجامدراوه‌ و "زوهره‌ سوڵتانی" وه‌كوو به‌رپرسی به‌رهه‌م له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌م گۆرانییه‌دا هاوكاریی كردووه‌.

پازده‌یه‌مین جه‌ژنی سینه‌مایی ـ ته‌له‌ڤیزیۆنی "دنیای وێنه‌یی" ئێران به‌ به‌رپرسیاریی ڕه‌خنه‌گری ناوداری سینه‌مای ئێران "عه‌لی موعه‌لیم"، به‌ هاوكاریی خاتوو "ئازه‌ر میعماریان" هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی سینه‌ما، شانۆ، ته‌له‌ڤیزیۆن و مۆسیقای ئێران له‌ ته‌لاری گه‌وره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران به‌ڕێوه‌چوو.

 

PUK