ئه‌مڕۆ 1ی مه‌ی 2011 ی زایینی رۆژی جیهانیی کرێکاره، بۆیه به‌ر له هه‌ر شتێک پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و ئێران و جیهان ده‌که‌ین.
به‌داخه‌وه به هۆی سیاسه‌ته دژه‌گه‌لییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئیران، کرێکارانیش وه‌ک سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران و به‌تایبه‌ت کوردستان له رووی کار‌و ژیانه‌وه له دۆخێکی ناله‌بار و دژواردان.
له ئێران و به‌تایبه‌تی له کوردستانی بنده‌ستی کۆماری ئیسلامی‌دا رێگا به کرێکاران نادرێ رێکخراو و سه‌ندیکای سه‌ربه‌خۆ پێکبهێنن که ئازادانه له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان و باشتر کردنی دۆخی کار و ژیانیان تێ‌بکۆشێ و خه‌باتی کرێکاران به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی به‌ربه‌ست و کێشه‌ی یاسایی ده‌بێته‌وه.
بێگۆمان به‌شێک له کێشه و گرفته‌کانی کرێکارانی کوردستان بۆ زه‌وتکردنی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی خزمه‌تگوزار و به‌رپرس ده‌گڕێته‌وه. دۆخی کار و ژیانی کرێکارانی کوردستان، به سه‌رخستنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاتێکی پایبه‌ند به پلۆرالیسم و فره‌چه‌شنیی سیاسی له ئێران گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا دێت.
کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه‌ی فیدائیانی شۆڕش و ئازادیی کوردستان بوون و له‌م رۆژه‌دا پێویسته به‌تایبه‌تی له لایه‌ن حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستانه‌وه به باشی رێزیان لێ بگیردرێ.
وه‌ک هه‌موولایه‌کمان ئاگادارین به هۆی دۆخی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی خه‌باتگێڕ و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزبه شۆڕشگێڕه‌کانی وڵاته‌که‌مان وه‌ک په‌نابه‌ر له باشوووڕی كوردستانن؛ زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه بۆ ده‌سخستنی بژیوی ژیان و پاڵپشتی له خه‌باتی ره‌وا و حه‌قخوازانه‌ی گه‌له‌که‌یان روویان له کار و به‌تایبه‌ت کرێکاری کردووه. پارتی ئازادیی کوردستانی ئێران به باشی قه‌دری ره‌نج و زه‌حمه‌ته‌کانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ده‌زانێ و شانازی به خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و کۆڵنه‌ده‌ری له‌وچه‌شنه‌وه ده‌کا.
PAKI له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ده‌بێ هه‌مووان قه‌دری زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی تێکۆشه‌ره زه‌حمه‌تکێشه‌کانی کوردستان بزانن.
ده‌بێ بۆ کورد ئه‌و ژیانه شرافه‌تمه‌ندایه‌یه "بایه‌خ"بێ و رێزی لێ بگیردرێ. خوێن و ئاره‌قه‌ی نێوچاوانی هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه زه‌حمه‌تکێشه بووه که بۆ ده‌یان ساڵ خه‌باتی کورد پێی به‌ڕێوه‌چووه.
له‌م رۆژه‌دا وێڕای پیرۆزبایی دووباره، پارتی ئازادیی کوردستانی ئێران خوازیاره ئاوڕ له کێشه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان بدرێته‌وه و پشتیوانیی خۆی له خه‌باتی هه‌موو رێکخراو و سه‌ندیکا و دامه‌زراوه کرێکارییه‌کانی وڵاته‌که‌مان ده‌رده‌بڕێ.