دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز، لە چوارچێوەی پڕۆژە هزری و زانستییەکانی خۆیدا، یەکێک لە گرنگترین و بەهادادارترین بەرهەمەکانی دکتۆر جەمال نەبەزی لەژێر ناونیشانی (وشەنامەکی ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی) چاپ و بڵاو کردەوە.
دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز، لە پێشەکییەکدا بۆ پەرتووکەکە نووسیویەتی: "ئەم بەرهەمە کە کۆکردنەوە و لێکدانەوە و ساغکردنەوەی خودی دکتۆر جەمال نەبەزە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ بە شێوەی ئەلیکترۆنی بڵاو کرابووەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاپی کاغەز، وەک پێویست لەلایەن ناوەندە ئەکادیمی و زمانەوانییەکانەوە ئاوڕی لێنەدرابووەوە، بۆیە دەزگاکەمان بڕیاری دا بە چاپێکی شایستە و زانستی بیخاتە بەردەستی خوێنەران."
شیاوی ئاماژەیە، پەرتووکی (وشەنامەکی ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی) تەنیا فەرهەنگێکی ئاسایی نییە، بەڵکە ئەنجامی دەیان ساڵ ڕەنجەوەری و وردبوونەوەی دکتۆر جەمال نەبەزە لە ڕەگوڕیشەی وشە کوردییەکان و گۆڕانکارییە فۆنەتیکی و واتاییەکانیان.
بیرۆکەی کارکردن لەسەر زانستی ئێتیمۆلۆژیا(Etymology) لای دکتۆر جەمال نەبەز بۆ قۆناغی ناوەندی دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی پرۆگرامی خوێندن لە باشووری کوردستان گۆڕدرا بۆ عەرەبی. ئەو هەستی بە نایەکسانییەکی زمانەوانی کرد و بڕیاری دا تەمەنی خۆی بۆ ناساندنی ڕەگوڕیشەی وشە کوردییەکان تەرخان بکات.
دکتۆر جەمال، لەنێوان ساڵانی ١٩٥٦ بۆ ١٩٦٠، کاتێک خەریکی داڕشتنی زاراوە زانستییەکانی ماتماتیک و فیزیا بوو بە زمانی کوردی، بەکردەیی دەستی بە کۆکردنەوەی ڕەگی وشەکان کرد، دواتر لە ئەورووپا، هەر وشەیەکی بۆ ساغ بوایەتەوە، لەسەر پارچە کاغەزێک تۆماری دەکرد، تا دواجار بە هاندانی "هۆشەنگ عوسمان سەبری" لە ساڵی ٢٠٠٨دا بە شێوەی ئەلیکترۆنی بڵاو کرایەوە.
تایبەتمەندییە زانستییەکانی وشەنامەکە
- کتێبەکە (١٥٤٤) وشەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت.
- دکتۆر جەمال ڕەچەڵەکی وشەکانی لە چوارچێوەی زمانەکانی (لاتینی، ئاڤێستایی، عیبری، پەهلەوی، عەرەبی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزی)دا ساغ کردووەتەوە.
- بەکارهێنانی هێماکانی وەک ( > ، < ، ⇦، + ،) بۆ ئاسانکاری لە تێگەیشتنی گۆڕانکاریی وشەکان کە لەم چاپە نوێیەدا بە ڕەنگی سوور جیاکراونەتەوە.
دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز ئاماژە بەوە دەکات کە لەم چاپەدا هەوڵ دراوە دەستکاریی زمانی داڕشتن و ڕێنووس و دیزاینەکەی نەکرێت، تاوەکوو توێژەران بتوانن بە شێوەیەکی زانستی مامەڵە لەگەڵ چاپی یەکەمدا بکەن. تەنیا هەندێک هەڵەی ڕێنووسیی وەک (ئایین بۆ ئاین) یان (ئەلمان بۆ ئەڵمان) چاک کراون و پیتی (ڕ) لەسەرەتای وشەدا جێگیر کراوە.
ئەم پەرتووکە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردبوون لە ڕێگەی زمانەوە و وەک دکتۆر جەمال خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا لە ساڵی ٢٠٠٧دا نووسیویەتی، هیواخواز بووە ئەم "وشەنامەکی"یە ببێتە سەرەتایەک بۆ "وشەنامە"یەکی گەورەتر کە هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی تێدا کۆ بکرێتەوە.
basnews