Share |

چاو له‌ چه‌ند كورتیله‌ چیرۆكێكدا

هێمن عومه‌ر خۆشناو-شه‌قڵاوه

 

 

(1)

 

چاوی ئه‌ومان گۆڕییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆر. خۆر كه‌ هاته‌ نێو جه‌سته‌كه‌ی، بوو به‌ خه‌ڵووز و توایه‌وه‌، چاوی ئه‌ویش له‌ ئاسۆوه‌ وه‌ك رۆژێكی نوێ هه‌ڵات..

 

(2)

 

كه‌ له‌ جه‌سته‌ی مردووه‌ رۆح زیندووه‌كان ده‌گه‌ڕاین، به‌ هێواشی ئێسك و پروسكه‌كانمان له‌ گڵی ڕه‌ش جیا ده‌كرده‌وه‌، من ته‌نیا به‌ دوای سۆراغی چاوه‌وه‌ بووم، كه‌ كه‌لله‌ سه‌رێكم هه‌ڵكۆڵی، چاوێك كه‌وته‌خواره‌وه‌، دیوی ده‌ره‌وه‌ی دوایین وێنه‌ی سه‌ر ڕه‌شێنه‌ی تێدا هه‌ڵگیرا بوو كه‌ وێنه‌ی مرۆڤێكی دڕنده‌ بوو به‌ ته‌قاندنی ڕێژنه‌ی گولله‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌هات، دیوه‌كه‌ی تر، هه‌زاران چاو روبارێك خوێنیان لێده‌رژایه‌ ده‌ریایه‌كی سوور.

 

(3)

 

به‌ بیرم نایه‌ت مردووی چاو كراوه‌م دیبێ له‌ ژیانم دا، ئه‌وه‌نده‌ لێی نزیك بوومه‌وه‌ فرمێسكه‌كانم ده‌ڕژانه‌ سه‌ر سینگی ئه‌و.. ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ مام، گیانم سڕبوو، راپه‌ڕیم، چاوه‌كانی ئه‌بڵه‌ق، له‌ چاوی هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ سه‌یرم كردووه‌ خۆم دیتوه‌، له‌ چاوی كراوه‌ی بابم دا هه‌موو دونیا.

 

(4)

 

هه‌میشه‌ پرو پرێسكه‌م كۆكردۆته‌وه‌، ده‌مه‌وێ له‌ترسی چاو ڕابكه‌م، له‌ هه‌موو چاوێك ده‌ترسم، چاوی مامۆستا، چاوی مار، چاوی دیوار،.. .. . چاوی.. .. .. . ئێواره‌ی دوێنێ چاوی دایكم هات و ته‌واوی چاوه‌كانی تری به‌زاند.

 

(5)

 

له‌ سه‌ر دارو قیسپی هه‌مووپه‌رژینه‌كانی دونیا بۆ به‌رگرتن له‌ هێرشی چاوه‌كان، ناڵ و سه‌ری كڵۆڵی ماڵات هه‌ڵواسراوه‌، له‌ نێو بازگه‌ی هه‌موو چاوه‌كاندا چاوه‌ پاك و سه‌ر ڕاسته‌كان، تیژ تیژ و بێ پرس به‌ناو قه‌دی په‌رژینه‌كان تێده‌په‌ڕن.

 

(6)

 

له‌سه‌ر تیڤیه‌ شڕو هوڕه‌كه‌ وه‌ك لێكۆڵه‌رێكی سیاسی ده‌دوا:

چاوی هه‌موو كه‌سێك نه‌مامێكی ناپاكی بۆ نیشتمان تێدایه‌، پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ به‌ بای نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ونه‌مامه‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌ربكێشرێ.

به‌ چاوی دڵ و عه‌قڵ و دیده‌وه‌ سه‌یرمان ده‌كرد، هه‌موو نه‌مامه‌كانی چاوی ئه‌و په‌لكێكی پاكیزه‌ییان پێوه‌ نه‌مابوو.

 

(7)

 

ڕێك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و وه‌ستا بووم ، كه‌ ئاوڕم لێدایه‌وه‌ سه‌یری منی ده‌كرد، چاوه‌كانی هێنده‌ جوان به‌ ناخی مندا شۆڕببونه‌وه‌، ده‌تگوت چه‌شنی ئه‌ستێره‌یه‌كن له‌ شه‌وێكی ئه‌نگوسته‌چاودا به‌ره‌و ڕووم ئاشنا ده‌بێَ. یه‌ك دوو جار خۆم ده‌خسته‌ په‌راوێزو وامداده‌نا كه‌ بێئاگام، كه‌ به‌ تیله‌ی چاوه‌كانم لێمده‌ڕوانی تین و تروسكای چاوه‌ گه‌وره‌كانی زێتر ده‌چوونه‌ دڵمه‌وه‌، هه‌ستم كرد بۆ یه‌كه‌م جاره‌ چاوێك و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی سه‌رنجم راده‌كێشێ و كه‌مه‌ندكێشم ده‌كات. نێوانی چاوی من و چاوی ئه‌و ته‌نیا شه‌قامێكی جووت سایدی ئه‌وبه‌رو ئه‌مبه‌ر بوو، هه‌ستده‌كه‌م له‌ نێو شه‌قامی هه‌ردوو چاوی ئه‌ودا پیاسه‌ ده‌كه‌م، زێتر تێم ده‌ڕوانێ، ڕێك به‌رامبه‌ری ده‌په‌ڕمه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌رم چاو داناخا، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێی سێره‌ی له‌ چاوی منه‌وه‌ داگرتووه‌، ترووكانی ساتێكیش هه‌ستپێناكه‌م، ده‌چمه‌ پێشی، نێوانی برژانگی من و ئه‌و، بستێك و چه‌ند په‌نجه‌یه‌كه‌. چوار پێنج جار هه‌ناسه‌ ده‌خۆمه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری له‌ دیده‌ی ئه‌وده‌بینم. ده‌مه‌وێ بێمه‌گۆ، ناتوانم.. هێشتا من ڕاماوم له‌ چاوی ئه‌و و ئه‌ویش هه‌روا، زمانی جوڵه‌یه‌كی لێپه‌یدابوو، یه‌كسه‌ر شا گه‌شگه‌بووم له‌ خۆشیان. هه‌ر چاومان له‌ چاوی یه‌كتر بڕیوه‌، به‌ ئه‌سپایی فه‌رمووی:

قوربان به‌ زه‌حمه‌تی نه‌زانی ده‌مێكه‌ وه‌ستاوم، كه‌سێ نه‌بوو بمپه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌و به‌ر شه‌قامه‌كه‌، به‌ یارمه‌تی خۆت !!!؟