Share |

یادم ناچێت...شعر : باكۆ جلال

 

له‌ بیرت دێت زستانی پار

وه‌ك كیژۆڵه‌یه‌كی لاسار

چوبویته‌ به‌ر لێزمه‌ی باران

نمه‌ی باران. . دڵۆپه‌ی ئاو

له‌ سه‌رت ڕا ،

تا ده‌گیشته‌ نوكی په‌نجه‌ت ده‌بوه‌ گوڵاو ؟

ئه‌ی له‌ یادته‌ جله‌كانت

هی ته‌ڕا و لوسی گیانت

چه‌نده‌ به‌ تاسه‌ و چه‌نده‌ جوان

به‌ باڵاته‌وه‌ نوسابون باوه‌شیا پیادا كردبویت

وه‌ك یه‌كه‌م ئاوێزان بونمان؟

من له‌ یادمه‌ و هه‌تا ماوم یادم ناچێت

پێستی سپی وه‌ك مه‌ڕمه‌ڕت

پرچی ڕه‌ش و خاو و ته‌ڕت

به‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی دونیا یاریت ده‌كرد

یادم ناچێت كاتێك كه‌ باران خۆشی كرد

جه‌سته‌ی لوسی نیمچه‌ ڕوتت

كه‌ تیشكی خۆره‌تاوی به‌ركه‌وت

په‌لكه‌ زێڕینه‌م به‌دی كرد

له‌نێوان دوو مه‌مكته‌وه‌ ده‌ركه‌وت.

 

باكۆ جلال

2010 /1 /15 توركیا

bako. jalal@yahoo. com