Share |

"به‌رزایی ئومێد" له‌ فێستیڤاڵێكی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆسنه‌ نمایش ده‌كرێت

 

 

 

 ـ فیلمی به‌ڵگه‌یی "به‌رزایی ئومێد" له‌ ده‌رهێنانی كه‌یوان مه‌جیدی، له‌ شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی یاهورینافێست له‌ بۆسنه‌ نمایش ده‌كرێت.

له‌ نێو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن به‌شی كاروباری فێستیڤاڵی ئیداره‌ی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رێكخراوه‌ی ده‌نگ و ره‌نگی ئێران بۆ شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی یاهورینافێستی بۆسنی ناردرابوون، شه‌ش كورته‌ فیلمی به‌ڵگه‌یی هه‌ڵبژێردرا.

ناوی ئه‌و شه‌ش كورته‌ فیلمه‌ به‌ڵگه‌ییه‌ بریتین له‌: "به‌رزایی ئومێد" له‌ ده‌رهێنانی كه‌یوان مه‌جیدی به‌رهه‌می ناوه‌ندی كوردستان، "به‌ دوای پڵینگی ئێرانیدا" له‌ ده‌رهێنانی فه‌تحوڵڵا ئه‌میری به‌رهه‌می ناوه‌ندی مازه‌نده‌ران، "به‌ره‌كه‌ت" له‌ ده‌رهێنانی مه‌هدی مرادی به‌رهه‌می ناوه‌ندی سیمنان، "تالم" له‌ ده‌رهێنانی ئیسماعیل ره‌مه‌زانی به‌رهه‌می ناوه‌ندی سیمنان، "نێسه‌ل" له‌ ده‌رهێنانی عه‌لی شه‌هابی نێژاد به‌رهه‌می ناوه‌ندی خووزستان و "گرێی عیشق" له‌ ده‌رهێنانی جه‌ماڵ ئیسكوئی به‌رهه‌می ناوه‌ندی چوارمحاڵ و به‌ختیاری كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه‌.

فیلمی به‌ڵگه‌یی "به‌رزایی ئومێد" له‌ نووسین و ده‌رهێنانی كه‌یوان مه‌جیدی له‌سه‌ر داوای سیمای ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كانی پارێزگاكانی رێكخراوه‌ی ناوه‌ندیی ده‌نگ و ره‌نگی ئێران بۆ په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ سیمای ناوه‌ندی ته‌له‌ڤیزیۆنی پارێزگای كوردستان هاتۆته‌ به‌رهه‌م.

ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی هه‌ورامانی كوردستانه‌ كه‌ زه‌وی و زاری ته‌خت به‌رین و ده‌شتایی لێ نییه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌، زه‌وی و شوێنه‌ به‌رزاییه‌ بڵنده‌كان كه‌ هاتووچۆ كردن بۆ ئه‌وێ یه‌كجار سه‌خته‌ بۆ كاره‌كانی كشتوكاڵ به‌ كار ده‌هێنرێت.

"به‌رزایی ئومێد" به‌سه‌رهاتی تامه‌زرۆیی و هه‌وڵدان و ماندووبوونی خه‌ڵكی دانیشتووانی ناوچه‌ی هه‌ورامانه‌ كه‌ به‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستی و داب و نه‌ریتی تایبه‌ت به‌ خۆیان ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ و چیرۆكی پیره‌پیاوێك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ یارمه‌تیی كچه‌كه‌ی كێوێكی به‌رز، به‌ یادی هاوسه‌ره‌ كۆچكردووه‌كه‌ی ده‌كاته‌ باخی ترێ.

شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی یاهورینافێست له‌ رۆژانی 26 تا 30ی ئه‌یلوول/ سه‌پتێمبه‌ر 2012 له‌ بۆسنه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

سینه‌ماكاری لاوی كورد كه‌یوان مه‌جیدی له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌ڵگه‌یی "به‌رزایی ئومێد"، خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ 16یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی "خان تی مان سینگ" له‌ مۆسكۆ پایته‌ختی رووسیا به‌ده‌ستهێنا.

له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی "خان تی مان سینگ"ی رووسیا فیلمه‌ به‌ڵگه‌ییه‌ هه‌ڵبژارده‌كانی 30 وڵاتی جیهان به‌شدارییان كرد كه‌ فیلمی به‌ڵگه‌یی "به‌رزایی ئومێد" به‌ نوێنه‌رایه‌تی سینه‌مای ئێران له‌م فێستیڤاڵه‌دا نمایش كرا و چووه‌ ریزی به‌رهه‌مه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانی ده‌سته‌ی ناوبژیوان و له‌ كۆتاییدا توانی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات.

هونه‌رمه‌ندان و ستافی ئاماده‌كردنی ئه‌م فیلمه‌ به‌ڵگه‌ییه‌ بریتین له‌: نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر: سیروان مه‌زهه‌ری، ده‌رهێنه‌ر، مۆنتاژ: كه‌یوان مه‌جیدی، چاودێری چۆنایه‌تی، راوێژكاری مۆنتاژ: محه‌مه‌دڕه‌زا ئه‌سڵانی، وێنه‌گران: محه‌مه‌د نووری و حیشمه‌ت نارنجی، ده‌نگهه‌ڵگر: كاوه‌ كوردستان.

ئه‌م فیلم پێشتریش له‌ به‌شی كێبڕكێی چه‌ندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌شداری كردووه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگی به‌ده‌ستێهناوه‌، له‌وانه‌ ته‌ندیسی باشترین وێنه‌گرتن له‌ 11یه‌مین جه‌ژنی ماڵی سینه‌مای ئێران و دیپلۆمای فه‌خریی باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی له‌ فێستیڤاڵی ناوچه‌یی سینه‌مای لاوانی ئێران به‌ ناونیشانی كۆسالان له‌ شاری سنه‌.

ئه‌م فیلمه‌ له‌ به‌شی كێبڕكێی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌لجه‌زیره‌ له‌ قه‌ته‌ر به‌شداریی كرد و له‌ 15یه‌مین جه‌ژنی ماڵی سینه‌مای ئێران له‌ نێو 335 به‌رهه‌می وه‌رگیراو له‌م جه‌ژنه‌دا بووه‌ یه‌كێك له‌ 28 باشترین به‌رهه‌م و له‌ به‌شی كێبڕكێ نمایش كرا و كاندیدی وه‌رگرتنی دوو ته‌ندیسی باشترین وێنه‌گرتن و باشترین ده‌رهێنان بوو.

مه‌نووچێهر جیهانی/ پ. ف (PNA)