Share |

بەهمەنی قوبادی فیلمە نوێیەكەی پێشكێش بە فەرزاد كەمانگەر و سانع ژاڵە دەكا

 

  سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی فیلمی سینەماییی "وەرزی كەركەدەن" كە نوێترین بەرهەمیەتی، پێشكێش بە مامۆستا فەرزاد كەمانگەر و قوتابی سانع ژاڵە كرد. ئەمە بەپێی ڕاگەیاندنێكی بەشی ڕاگەیاندنی فیلمەكە كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) هاتووە.

 

فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" دوا بەرهەمی سینەماكاری بەئەزموونی كورد بەهمەن قوبادییە كە ئامادەی نواندنە، ئەو فیلمە چیڕۆكی شاعیرێكی كورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كە لە رێگەی شیعرەكانیەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێ.

 

ئەم فیلمە گێڕانەوەیەكی شاعیرانەیە كە درێژە پێدەری رێگەی فیلمسازیی دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "كاتێك بۆ مەستی ئەسپەكان"ە كە دوای فیلمی سینەماییی "پشیلە ئێرانییەكان"، یەكەمین فیلمی سینەماییی خۆی لە دەرەوەی ئێران و بە سوودوەگرتن لە ئەستێرەكانی ناوداری سینەمای ئێران، ئەوروپا و توركیا بە ناوەڕۆكێكی شاعیرانە ساز كردووە.

 

لەو فیلمەدا بەهرۆز وسووقی ئەكتەری ناوداری سینەمای ئێران دوای 35 ساڵ دووری لە دنیای سینەما رۆڵی ئەو شاعیرە كوردە دەبینێ، هەروەها ئەكتەری بەتوانای ئیتالی "مۆنیكا بێلوچی" كە لە فیلمەیلی وەك"مالێنا" و "نەگۆڕاو"دا رۆڵی بینیوە، هەروەها "بێران سات" ئەكتەری بەناوبانگی تورك "یڵماز ئۆردوگان"، "بئێلجیم بێلگین" دوو ئەكتەری ناوداری توركی و "ئاڕش لەباف" گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی بەشداریی تێدا دەكەن.

 

بەهمەن قوبادی فیلمەكەی بە "سانع ژاڵە" ئەو قوتابییە كوردەی شانۆی زانكۆی تاران كە لە رووداوەكانی 25ی بەفرانباری 1389 تاران رێكەوتی 13ی شوبات/فێبرایەری 2010 هاتە كوشتن، هەروەها فەرزاد كەمانگەر مامۆستای كورد كە لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە هاتە لەداردان، پێشكێش كردووە.

 

نواندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە ئەیلوول/سێپتێمبەری 2012 لە سینەماكانی ئەوروپا و وڵاتانی فڕەنسا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی تر دەست پێ دەكا.

 

"وایلدبانچ" wildbunchلە كۆمپانیا بەرچاوەكانی بڵاوكەرەوەی فیلم لە ئاستی ئەوروپا، مافی بڵاوكردنەوەی ئەم فیلمەی لە ئەستۆیە و كۆمپانیای "بی.كی.ام" BKMئەم فیلمە لە سینەماكانی توركیا پێشان دەدا.

 

قوبادی ئێستە لە ئەمەریكا سەرقاڵی ئامادەكردنی قۆناغەكانی كۆتای فیلمێكی ترە بە ناونیشانی "چاو لە سەرێی كە". ئەم فیلمە یەكێكە لەو 10 كۆمەڵە فیلمە بە ناوی "خودا و مەزەب" كە 10 دەرهێنەر بە 10 مەزەبی جیاواز، لەم كۆمەڵەیەدا فیلمسازییان كردووە.

 

لە كۆمەڵە فیلمی "خودا و مەزەب"دا چەندین دەرهێنەری ناوداری سینەمای دنیا لەوانە ئەمیر كۆستاریكا، میرا نایێر، گیلێرمۆ ئاریەگا و چەندین دەرهێنەری تر بەشدارن كە بەشی تایبەت بە ئاینی ئیسلام لەم 10 كۆمەڵە فیلمەدا لەلایەن بەهمەن قوبادییەوە ئامادە كراوە.

 

لە: وشیار ئەسوەد