Share |

بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی (باس) کتێبی هەڵاتن لە سەربەخۆیی چاپ و بڵاوکرایەوە

 

 بە سپۆنسەریی دەزگایی میدیایی (باس) ڕێوڕەسمی نمایییش و واژۆکردنی کتێبی (هەڵاتن لە سەربەخۆیی) لە نووسینی ئازاد جندیانی، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، لە هۆتێل کاپیتۆڵ لە هەولێر بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد و چەند دەزگایەکی میدیایی، کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/7/25 دەستی پێکرد و لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا بەرهەم عەلی، سەرنووسەری هەفتەنامەی (باس)، وێڕای بەخێرهاتنی میوان و ئامادەبوان، باسی لە گرنگی و هۆکارەکانی سپۆنەریی کتێبی (هەڵاتن لە سەربەخۆیی) لەلایەن دەزگای مدیایی (باس)ەوە کرد و وتی: "یەکەم هۆکار گرنگیی و بایەخدانە بە ناورۆکی کتێبەکە کە پرسی سەربەخۆیی کوردستانە و هۆکاری دووەم، پێگە و کەسایەتیی کاک ئازادا جندیانی کە جیا لە کار و چالاکییی سیاسی و بەردەوام لە بواری نووسیندا دەستێکی دیاری هەبووە و ناوەرۆکی نووسینەکانی جێگەی مشتومڕ و بایەخن".

دواتر لەلایەن سۆران سێوکانی وەک بەرێوەبەری ڕێوڕەسمەکە، درێژەی پێدرا و لە وتەیەکدا باسی لە دروستبوونی بیر و هزری سەربەخۆیی لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە چەند قۆناغ و بڕگەیەکدا کرد و قۆناغی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی وەک خاڵ و بڕیارێکی گرنگی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان وەف و پێناسەی کرد.

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ئازاد جندیانی، نووسەر و سیاسەتمەدار وێڕای سپاس و پێزانین بۆ چاپی کتێبەکەی و سپۆنسەریی لەلایەن دەزگای میدیایی (باس)ەوە لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەیەوە گوتی: "ئێمەی کورد ئێستا لە قۆناغێکداین پێی دەڵێین قۆناغی دوای ڕیفراندۆم، جا پێمان خۆش بێت، یان ناخۆش، کە ئەمە قۆناغێکی جیاوازە لە چل ساڵی ڕابردوو، من لەو باوەڕەدام کە لەمەودوا کورد لەوە ناترسێ کە بڵێت من سەربەخۆییم دەوێت، کە من بە چڕی لەم کتێبەدا جەختم لەسەر کردووە."

باسی لەوەش کرد :خاڵی دووەم ئەوەیە کەلە سەد ساڵی ڕابردووەوە دەست پیدەکات، کە بزووتەنوەی کورد بە قۆناغی کۆلۆنیالیزم تێپەڕ دەکات، دواتەیش قۆناغی پۆست کۆلۆنیالیزمیشی تێپەڕاندووە، هەروەک هیندەستان کە ژێردەستی بەریتانیا بووە و دوایی ڕزگاری بوو و سەربەخۆیی بەدەست هێنا".

دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئێمەی کورد بە هەردووباری خراپی و باشییەکانی ئەورووپا گیرۆدەین، هەوڵمان داوە شۆڕش و کۆمەڵگەی خۆمان دەستکاری کردووە، هەتا وەک و هاوشێوەی کاڵا و بیرۆکەی ئەورووپی بێت، من لەم کتێبەدا هەوڵم داوە، کورد لەمەودا دەبێ خاوەنی هزر و فکری خۆماڵی بێت. چونکە کورد زۆر دەمێکە ەرگری دەکات، بەڵام ئایا هەتا ئێستا ئەم بەرگرییەی کورد وەک چەمک و پێناسەی تایبەت و وەک ئادگای خۆی ناودێر و پێناسە کراوە، ئایا خاڵە بەهێەکانی کامانەن و چەندەیان لەگەڵ تایبەتمەندی و توخمەکانی کۆمەڵگەی خۆی دێتەوە.

ئازاد جندیانی گوتی: "هەموو هەوڵم ئەوەیە کە کورد ببێتە خاوەنی هزری سەربەخۆیی خۆماڵی و تەنیا لە هەناوی کۆممەڵگە و ویست و داخوازی خۆیەوە بە دنیای بناسێنێت".

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەدا د. کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شێوعیی کوردستان، لە وتەیەکدا لەبارەی نوێترین کتێبی وتی: "لەم کتێبەدا نووسەر دەیەهوێ لەم کتێبەدا کەسایەتی و هزری سیاسیی تاکی کورد و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیمان بۆ شرۆڤە بکات. ئاماژەی بەوە کرد کە تاوتوێی چەمک و هزرە سیاسییەکان تەنیا تایبەتی لایەنەکانی کوردستان نین، بەڵکوو لە زۆر شوێنی دنیا ئەم ڕێسایە باوە".

"ئاماژەی بەوەش کرد: "بەشێکی لە ململانییەکان زادەی کۆمەلگەی کوردستانن و بەشێکی دیکەشی پەیوەندن بە ململانێی لایەنەکانی عێراق و هاوکات هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچە و جەمسەربەندییەکان لە جیهاندا".

لە پرسی سەربەخۆییدا هەروەک لە گوتاری هەندێ لە سەرکردە سیاسییەکانی کورددا دیارە جۆرێک لە دڵدانەو ەو بەدەستهێنانی ویستی ئەوانی پێوە دیارە کە ئەمە پرسی سەربەخۆیی لە خۆماڵی و کوردیبوونەوە لاواز دەکات و دەیباتە ژێر پرسیارەوە کە هەندێ جار تێکۆشانی نیشتمانی ئەکەوێتە ژێر کاریگەریی نەتەوە باڵادەستەکانەوە، بۆ وێنە کێشەکانی "دەوڵەت، نەتەوە، جیاییخوازیی، سەربەخۆییخوازی لە کتێبەکەیدا بە وردی ئەم چەمکانەی تاوتوێ کردووە کە هیوادارم لە داهاتوودا بە وردی کاری ەلسەر بکات، هەتا بێتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە چوارچێوەی پرسێکی گرنگ کە ئەویش پرسی سەربەخۆیی کوردستانە."

قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاشان بردنە ژێر پرسیاری ماف و چارەنووسی گەلان و پرسی تاک و هاووڵاتیبوون، دیموکراسی لە ناوچەکە و چەند پرسێ دیکەش لە عێراق و وڵاتانی ناوچە دەباتە ژێر پرسیارەوە کە لەژێر هێژوونیی ململانێی چەمکەکاندا، خەریکی پرسی نەتەوەیی و مافی چارەنووسی گەلان ئەکەوێتە پەراوێزەوە".

پاشان عەبدولڕەحمان دەروێش، نووسەر لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە گوتی: "ئەم کتێبە هەوڵێکی هزری و کوردستانییە کە لەبابەتی هزری وکردیدا دەتوانین بڵێین تازە و نوێیە، چونکە لەبارەی بایەخدان بەو جەنگە فکریەی کە دژ بە کوردستان هاتووەتە ئاراوە، دەکرێ وەک سەرچاوە و دەروزەیەک کاری لەسەر بکرێت".

ڕاشی گەیاند: "لەم کتێبەدا باس لەو فکر و هزرە نوێیە دەکات لەکە چوارچێوە و قەوارەی نوێدا و لەناو بەناو دەوڵەتی نوێی عێراقدا چۆن دژی هزری سەربەخۆیی و مافی چارەنووسی کوردن و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە ئەم بابەتەی شەن و کەو کردووە".

لە بەشێکی دیکەدا گوتی: "لەم کتێبەدا دوو ئاراستەی هزری ورووژاندووە کە ئێمە چەندە لە جەنگی هزریدا لاواز بووین و هەوڵی دووەم ئەوەیە دەبێ ئێمە دژی ئەو هەوڵ و هزرە ترسنۆکە بینەوە کەلە سەربەخۆیی دەترسن و لە چەقی فکری کوردستناییەوە هەوڵی دەستخستن و بەدەستهێنانی ئەو خەون و ئاواتە لەمێژینە بدەین. یەکێکی دیکە لە لاوازییەەکان ئەوەیە کە ڕووناکبیری سەربەخۆییخواز کەلە و لاوازە. ئەم کتێبە سەدان پرسیای گرنگی ورووژاندووە و چەندان بیرۆکەی جۆراوجۆری ورووژاندووە و واتە ئەم کتێبە ئەبێتە هەوێنی زۆر فکر و بابەتی کورد و کوردستانی".

لەم کتێبەدا بە زمانێکی سادە و ساکار پەیامی ڕاستەقینەی کورد گەیەندراوە.

دواتر نووری بێخاڵی، بابەتێکی "ئیسماعیل ڕواندزی"ی خوێندەوە کە لەبارەی کتێبی "هەڵاتن لە سەربەخۆیی" نووسرابوو.

لە بەشێک لەو بابەتەددا هاتووە: "لەم کتێبەدا دەگاتە ئەو ئامانجەی کە هەرچەند داگیرکەران پرسی سەربەخۆییان ڕاگرتووە، بەڵام هۆکارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی چەمکەکان و هاوکات ئەو فکرە بەلاڕێداچوانەی ناو کۆمەڵگەی کوردی بۆ خۆیان ڕێگرێکی گەورەن لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستاندا".

لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت: "کورد لە قۆناغی ڕیفراندۆمدا هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازی هەڵێنا و ئێستا کەلە قۆناغی دوای ڕیفراندۆمدانی، پرسی سەربەخۆیی خەریک ئەقڵانی و پتەوتر دەبێت و ترس و دڵەڕاوکێیەکان خەریکەن دەڕەوێنەوە".

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لە گفتوگۆیەکی کراوەدا بەشداربوان لەبارەی کتێبەکە و پرسی نەتەوەیی و سەربەخۆیی سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستە بەرباس.

کۆتاییدا ئازاد جندیانی نووسەر و سیاسەتمەدار، بە واژۆی خۆی، کتێبەکەی بەسەر نووسەر و ئامادەبواندا دابەش کرد.

 

فۆتۆ - گه‌یلان حاجی   -هەواڵ/كوردستان