مه‌نسوور جیهانی ـ لە یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک"دا خەڵاتی ته‌مه‌نێک دەستکەوتی سینه‌مایی به خاتوو "ئیلهام شاهین" ئەستێرەی سینەمای میسر پێشکه‌ش کرا و ئەو خانمە ئەکتەرە دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، گوتی: هونەر، زمانی مرۆڤایەتییە و هەموو خەڵکانی جیهان لە یەکتر نزیک ده‌کاته‌وه. هیوادارم که‌لە ڕێگەی هونەرەوە، ئاشتی و خۆشەویستی لە هەموو جیهاندا، په‌ره‌بستێنێت و بڵاو بێتەوە.
کردنەوەی یازدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "دھۆک"
یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" Duhok به‌یادی "یڵماز گونەی" Yılmaz Güney دەرهێنەری بەناوبانگی کورد کە براوه‌ی خەڵاتی چڵه‌خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەرەنسا (١٩٨٢) و بە ئامادەبوونی "ئێلهام شاهین" Elham Shahein ئەستێرەی سینەمای میسر، "مادان گۆپاڵ" Madan Gopal کونسوڵی گشتی وڵاتی هیندوستان لە شاری هەولێر، دوکتۆر "عەلی ته‌ته‌ر" پارێزگاری دهۆک، پرۆفیسۆر "دلشاد محەمەد سەعید دهۆکی، ژه‌نیاری ناوداری ڤیۆڵؤن و رێبه‌ری ئۆرکێستڕا لە وڵاتی نەمسا، "عەلی عەونی" شرۆڤەکار و کەسایەتی سیاسی، "ئاریان سەڵاحەدین" بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و هونەر و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک"، " شەوکەت ئەمین کۆرکی" بەڕێوەبەری هونەریی ئەم فێستیڤاڵە، "عەباس غەزالی" بەرهەمهێنەر و کەسایەتی چالاکی فەرهەنگی و هونەریی هه‌رێمی کوردستان، "عەلی عەسگەری" سەرۆکی لێژنەی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی فیلمه‌بڵینده‌کانی نێودەوڵەتیی، دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە ئێران، "ئاکام ڕەزایی" به‌ڕێوه‌به‌ری جیلوه‌و دیمه‌نه بینراوەکان و دەرهێنەری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەمریکا، ئەندامانی دیکەی لێژنەی دادوه‌رانی بەشەکانی رکابه‌ریی "سینەمای جیهان" و "سینەمای کوردی"، سینەماکارانی ئێرانی و بیانی ئامادەبوو لەم رووداوه سینه‌ماییه‌دا و هۆگرانی هونەری سینەما و به‌نمایش کردنی فیلمی‌سینه‌مایی "هیوا" (ئومێد)The Hope لە دەرهێنانی "ئۆرهان ئینجە" Orhan Ince به‌ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردەی تورکیا و هەروەها "یاووز ئاکوزو" Yavuz Akkuzu، "عومەر ئاکالین" Ömer Akalın و "به‌دریە ڕۆزا چەلیک" Bedriye Roza Çelik ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئه‌م فیلمه، له‌کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە ١٩ی مانگی سه‌رماوه‌ز/ کانوونی یەکەم رێکه‌وتی (٩ی دیسامبری ٢٠٢٤) لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک لە هه‌رێمی کوردستان کرایەوە و تا ڕۆژی دووشەمە ٢٦ی سه‌رماوه‌ز/ کانوونی دووەم رێکه‌وتی (١٦ی دیسامبری ٢٠٢٤) لە کۆمه‌ڵگه‌ی سینەمای "دهۆک مۆڵ" و هۆڵی "کۆنگرە" له‌زانکۆی دهۆک بەردەوام دەبێت.
رێوڕه‌سمی فەرشی سووری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک"
لە سەرەتای رێوڕه‌سمی کردنەوەی یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" DIFF، کەسایەتییە دیارەکان، ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان" و به‌شی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" و هەروەها ژمارەیەک له میوانه‌تایبەته‌کانی ئەم ڕووداوە سینه‌ماییه، چوونه‌سەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە و لە بەردەم کامێراکانی کەناڵە تەلەڤزیۆنییە جۆراوجۆره‌کان و فۆتۆگرافەرەکاندا راوه‌ستان.
دامەزراندنی دیالۆگ و گوتارێک لە نێوان سینەماکارانی جیهان
لە درێژەی ئەم رێوڕه‌سمه‌دا، "ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر" سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" گوتی: بۆ ئێمه‌شانازییەکی گەورەیە کە له‌یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" بەخێرهاتنی هەموو ئێوه‌میوانانی ئازیز و بەڕێز ده‌که‌ین؛ ئەم شارە، هه‌موو ساڵێک هونەرمەندان و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له ده‌وری یه‌کتر کۆ دەکاتەوە. ئەمڕۆکه‌ش ئێمه دیسان ئامادەیی خۆمان بۆ دابین کردنی سەکۆیەکی ستاندارد بۆ ئەم کارە گرنگە ڕادەگەیەنین و لەم فێستیڤاڵەدا، دەرگاکانی ڕۆشنبیری و هونەر دەکەینەوە بۆ ئەوەی که‌سینەما بتوانێت به‌شێوه‌ی ڕاستەوخۆ و ڕاسته‌قینه پەیامەکەی خۆی بگەیەنێت و بواری دابین کردن و هێنانه‌ئارای دیالۆگ و گوتارێک لە نێوان سینەماکارانی جیهاندا پێک بێت. به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ تێر و ته‌سه‌ل و وردن. فیلمه کوردییه‌کان له ته‌نیشت فیلمه‌کانی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کان و ڤۆرکشۆپه‌کانی پسپۆڕانه‌تایبه‌ت به ته‌وه‌ر و بابه‌تی سینه‌ما پێشوازی له‌هۆگران و بینه‌ران ده‌کات.
کاریگەریی سینەمای هیندوستان لەسەر بینەران
ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: له‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ کونسووڵخانه‌ی هیندوستان له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان، گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌وڵاتی هیندستان وه‌ک "وڵاتی میوان" له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌دا ئاماده بێت. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی دەستکەوتێکی گەورەیە؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کە پێگەی فێستیڤاڵەکە بۆته جێگای متمانە و باوه‌ڕی وڵاتانی دەرەوە و گرینگی پێ ده‌ده‌ن. وڵاتی هیندوستان نەک هه‌ر تەنیا بە به‌شی فیلمەکانی خۆی، بەڵکوو به‌چەندین چالاکیی هونەریی دیکەش، میوانی تایبەتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک"ـە. سینەمای هیندوستان لەسەر پرس و بابه‌تە جۆراوجۆره‌کانی کۆمەڵایەتی لەوانە؛ هەژاری، نادادپەروەری، توندوتیژی و هتد چڕ بۆتەوە. ئەو وێنانەی کە له‌کۆمەڵگای هیندوستان، لە سینەمادا ڕەنگ دەداتەوە؛ کاریگەرییه‌کی زۆری لەسەر بینەر هەیە و هەستەکانی ئه‌وان ده‌ورووژێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سینەمای وڵاتی هیندوستان، لەم بوارانەدا سەرکەوتوو بووە.
سینەمای هیندوستان سەرنجی بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت
سه‌رۆک و بەرپرسی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" گوتی: سینەمای هیندوستان شایستەیی ئەوەی هەبووە کە سەرنجی بینەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و سه‌رمایه‌دانه‌ران و وەبەرهێنەرانی سینه‌مایی لەگەڵ خۆیدا هاوڕێ بکات. ئەم ئەگەرە نه‌ک تەنیا لەسەر بنەمای کولتووری ئەوان؛ به‌ڵکوو ئەم هاوسەنگییە باشەیان لە نێوان تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگاکەی خۆیان له‌گه‌ڵ سەردەمی ئێستاشدا دابین کردووە. پێوەری ئێمه‌ش بۆ ئەم بانگەشەیە سینه‌مای بۆڵیوودە له‌گه‌ڵ ناوە به‌رجه‌سته‌و دیارەکان له جیهانی سینەمادا ڕکابه‌ری دەکات و لە بواری پیشه‌سازیی سینەماشدا ئەمڕۆکه گەیشتووەتە پێگەیەکی بەرچاو.
کاریگەریی فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک" لە بەرەوپێشبردنی پێگەی ڕۆشنبیری و هونەر لە ناوچەکەدا
"ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر" لە درێژەی قسەکانیدا راشیگه‌یاند: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" نه‌ک هه‌ر تەنیا نمایش کردنی فیلمه‌کان به‌ئه‌رکی خۆی ده‌زانێت، بەڵکوو لە بوارەکانی دیکەشدا وەک دامەزراندنی ڕۆشنبیری و بەرەوپێشبردنی پێگەی ڕۆشنبیری و هونەر لەم ناوچەیەدا سەرکەوتوو بووە. ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە پەیامێک له‌گه‌ڵ خۆی هەڵدەگرێت؛ و لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە، ڕۆشنایی و تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی و ئه‌وانه‌به‌رجه‌سته‌ده‌کاته‌وه‌و پاڵپشتییان لێ ده‌کات. لەم خوله‌شدا، فێستیڤاڵه‌که، هەڵگری پەیامی وەرزشە. وەرزش، لە لایەن هەموو کۆمەڵگاکانی جیهانەوە، گرینگی و بەهایەکی زۆری هەیە؛ "سینەما" و "وەرزش" لە ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤەکاندا دوو ئامرازی کاریگەرن و له‌لایه‌نی جۆراوجۆره‌وه به‌یەکتر دەگه‌ن. لەم سەردەمەی ئێستادا، رووداوه گرنگەکانی وەرزشی بەڕێوەدەچن و لە لایەن سینەماوە ڕەنگدانەوەیان هەیە و بینەران ئه‌وانه‌ده‌بینن و بۆ هەمیشە بە نەمری و هه‌رمان دەمێننەوە. لەم سەردەمەی ئێستادا پێویستە بگوترێ که‌سینەما لە خزمەتی وەرزش دایە و هەر دووکیان له‌ته‌نیشت یه‌کتردا پشتیوان و پاڵپشتی شادی و بەختەوەری و کاریگەریی کۆمەڵگان و هەر یەکەیان ئومێدبه‌خش و وه‌فاداری و دڵسۆزیی ئەوی دیکه‌ن.
هونەر، سەرچاوەی ئاوه‌دانی و گەشەکردن و دووبارە دروستکردنەوەی هزر و ئه‌ندێشه‌یە
"ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر" سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە: هونەر، سەرچاوەی ئاوه‌دانی و گەشەکردن و دووبارە دروستکردنەوەی بیر و بیرۆکە و ئه‌ندێشه‌یە؛ هەروەها وەرزش سەرچاوەی هێز و تەندروستی جەستەیە. وەرزشوانان هەر چییەک بکەن، هونەرە و هەر هونەرێکیش که‌ئه‌نجام بدرێت، وەرزشە. بۆیە پێویستە که‌هەموو هونەرمەندێک ژیانی وەرزشیی هەبێت و هەموو وەرزشوانێک خاوەنی عەقڵێکی هونەری و کراوە بێت.
ئێمە پشتگیری لە ڕۆشنبیری و هونەر و بە تایبەتی هونەری سینەما دەکەین
لە درێژەی رێوڕه‌سمی کردنەوەی یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دھۆک"، دوکتۆر "عه‌لی ته‌ته‌ر" پارێزگاری دهۆک گوتی: به خاتوو "ئیلهام شاهین" ئه‌کته‌ری ناسراوی میسری و هه‌موو میوانه‌کانی ئاماده‌بوو له فیستیڤاڵه‌که لە هەموو شوێنه‌کانی جیهانەوە به‌خێرهاتن ده‌ڵێم، بۆ ئێمه‌مایه‌ی شانازی و سه‌ربه‌رزییه که میوانداری ئێوه‌بین. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرفتە زۆرانەی کە هەمانە، به‌ڵام ئێمه لە پاڵپشتی کردنی ڕۆشنبیری و هونەر و وەرزش نەوەستاوین و لە داهاتوویه‌کی نزیکیشدا له ڕۆشنبیری و هونەر و بە تایبەت هونەری سینەما پشتیوانی و پاڵپشتی دەکەین. پێشوازی و پاڵپشتیی خەڵکی شاری دهۆک بۆ هونەری حەوتەم و هونەرەکانی دیکه، وزه و پاڵنەرێکی زۆر لە ئێمەدا دروست دەکات؛ بۆ ئه‌وه‌ی که بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە هەمانە؛ بەڵام درێژه بە پشتیوانی کردنی هونەری سینەما بده‌ین و له‌و کاره‌بەردەوام بین.
گەیاندنی پەیامی ئاشتەوایی، ئاشتی‌خوازی و خۆشەویستی و هۆگری بە جیهان
هەروەها گوتی: هیوادارم لە ڕێگەی زمانی جیهانی و گشتگیری سینەما بە شێوه‌یه‌کی بەردەوام؛ پەیامی ئاشتەوایی، ئاشتی‌خوازی، مرۆڤ‌دۆستی، ژیانی ئاشتیخوازانە، خۆشەویستی و هۆگری به‌بەرژەوەندیی پێگه‌ی مرۆڤایەتی و هونەره‌کان و هتد بە جیهان بگەیەنین و لە نێو میللەتەکەی خۆماندا ئه‌وانه جێگیر بکەین. توندوتیژی، هیچ داهاتوویەکی به‌دواوه‌نییە و تەنیا دەبێتە هۆی وێرانکاری کە تا دەیان ساڵیش بووژانه‌وه‌و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کات دەخایەنێت. ئێمه‌چۆن ده‌توانین لەبەردەم بیری تاریک، توندڕەوی و ڕق و کینە له نێو مرۆڤه‌کاندا بوەستین؟ باوەڕ بکەن زۆر جار له رێگای دروستکردنی کورتە فیلمێک یان فیلمێکی درێژ، به‌باشی دەتوانین ئەم پەیامە بگەیەنین و لەبەردەم ئەم جۆرە بیرکردنەوانەدا بوەستین. ئەوەی که‌لە ڕێگەی زمانی هونەرەوە، ئه‌نجام دەدرێت، لە ڕێگەی زمانەکانی دیکه‌وه ئەنجام نادرێت. گەیاندنی پەیامێک یان وردبوونه‌وه‌و تەرکیزکردن لەسەر بابەتێک لە ڕێگەی دروستکردنی فیلمێک یان زنجیرەیەکەوە، ئەوەندە کاریگەری داده‌نێت کە سەد قسه‌و لێدوانی کەسایەتییه‌کان یان حیزب و لایەنە سیاسییەکان به‌و ساده‌ییه‌ناتوانن ئەم کاریگەرییەیان هەبێت.
ڕۆڵی گرنگی سینەمای جیهان بۆ ئاشتی، مرۆڤ‌دۆستی و سەقامگیری لە کۆمەڵگادا
ئەم مامۆستایەی زانکۆی دهۆک له‌درێژەی قسه‌کانیدا ڕایگەیاند: هه‌ر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەرکی ئێمەیە که‌پشتیوانی لێ بکەین. هەر لەبەر ئەم هۆیه، پێویستە لە ڕۆڵی گرنگی سینەمای جیهان بۆ ئاشتی، مرۆڤ‌دۆستی، خۆبەخشی و ژیانێکی ئارام و سەقامگیری لە کۆمەڵگادا یارمەتی وەربگرین؛ چونکە لە دونیای ئەمڕۆدا لە هەر گۆشەیەکدا کە ڕووداوێک یان شتێک ڕوو دەدات، کاریگەری لەسەر هەموو مرۆڤەکان دەبێت. ئەگەر سەرکەوتن و دەستکەوت هەبێت، ئەوە سەرکەوتنی هەموو مرۆڤەکانە و ئەگەر خودای نەکرده، شکه‌ست یان ڕووداوێکی ناخۆش ڕوو بدات؛ شکه‌ست و خه‌م و دڵتەنگی هەمووی مرۆڤه‌کانه. پەیامی ئێمە وەک خەڵکی کوردستان، هەمیشە و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام، پەیامی خۆشەویستی و هۆگری به‌بەرژەوەندیی هه‌موو خەڵکی جیهانه، پەیامی ئاشته‌وایی و ئاشتی‌خوازی و پەیامی دیالۆگ و گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
خزمەتی بەرچاو بە هونەری سینەمای جیهان
لە بەشێکی دیکه‌ی ئەم رێوڕه‌سمه‌دا "ئاریان سەلاحەدین"، بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و هونەر و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هیوادارم که‌هەرێمی کوردستان، وەکوو خاک و نیشتمان؛ شوێنێک بێت کە جێگەی وردبوونه‌وه‌و سەرنجدانی کامێراکانی دەرهێنەرانی سینەمای جیهانی بێت و هونەری سینەما تیایدا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببات و لێرە چاوه‌ری گەشەی بەرچاوی سینەمای وڵاتانی دیکەش دەبین. چونکە ئەوەی که‌لێرەدا ئێمه‌هەمانە، ڕه‌نگه‌خزمەتێکی بەرچاو بە هونەری سینەما لە جیهاندا ئاراسته‌بکات و هیوادارین که‌به‌شی کەرتی تایبەتیش زیاتر له‌وانه پێشوازی لە سینەمای کوردستان بکات.
پێشکەوتنی سینەمای کوردستان له‌ته‌نیشت سینەمای وڵاتانی جیهان
ئه‌و هه‌روه‌ها لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە: چون هه‌روەک ئێوە زیاتر لە ئێمە ئاگادارن، به‌شی کەرتی تایبەت سنوورێکی زۆری لە سینەمای جیهانیدا تێپه‌ڕاندووه و ئێمه هیوادارین که‌لە هه‌رێمی کوردستان، سه‌رمایه‌دانه‌ران و وەبەرهێنەران، سەلیقەکانی خۆیان نزیک بکه‌نەوە و لە بواری سینەمادا زیاتر لەمه، وەبەرهێنان بکه‌ن بۆ ئەوەی که‌بتوانین لەم بوارەشدا شایەتحاڵی گەشەکردن و گەشەسەندن بین و دەرفەتی گه‌وره‌تر و زیاتریش بۆ سینەماکاران دابین بکەین. بۆ ئه‌وه‌ی که‌لە ئایندەیەکی نزیکدا بینه‌ری پێشکەوتنی سینەمای کوردستان له‌ته‌نیشت سینەمای وڵاتانی دیکەی جیهان بین.
خەڵاتی تەمەنێک دەستکەوتی سینەمایی بۆ "ئیلهام شاهین"
لە درێژەی ئەم رێوڕه‌سمه‌دا "ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر" ده‌بیر و سکرتێری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک"، خەڵاتی ته‌مه‌نێک دەستکەوتی هونەری و سینەمایی بە خاتوو "ئێلهام شاهین" Elham Shahein ئەستێرەی سینەمای میسر پێشکەش کرد و ئەم ئەکتەرە ناسراوەی سینه‌ما گوتی: شەوی هەموو ئامادەبووانی ئەم هۆڵە به‌خێر و خوشی بێت، سوپاس بۆ پارێزگاری دهۆک، وەزیری ڕۆشنبیری و هونەر، بەرپرسی فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک"، سوپاس بۆ خەڵکی شاری دهۆک بۆ میواندارییان و پێشوازی کردن له‌من، لە ناخی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی هەمووان دەکەم. سوپاس بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەروەها سوپاس بۆ هەموو خەڵکی عێراق. لە ناخی دڵەوە هەمووتانم خۆش دەوێت و خۆشەویستیی ئێوە وای لێکردم که بە هه‌موو وجوودمه‌وه ئێوه‌م خۆشم بوێت. بۆ یه‌ک چرکەش له‌نێو ئێوه‌دا هەستم بە غه‌ریبی و نامۆیی نەکرد؛ چونکە هونەر، زمانی مرۆڤایەتییە و بەم شێوەیە، هەموو خەڵکانی جیهان لەگه‌ڵ یەکتر نزیک دەکاتەوە. هیوادارم که لە ڕێگەی هونەرەوە، ئاشتی و خۆشەویستی لە هەموو جیهاندا بڵاو بێتەوە.
پێشکه‌ش کردنی شانۆگه‌ری "شاهی" لە لایەن گروپی هونەری سەمای نەتەوەیی دهۆک
لە دوایین بەشی ڕێوڕەسمی کردنه‌وه‌ی یازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک"، گرووپی هونەری سه‌مای نیشتمانیی دهۆک شانۆگه‌ری و پێرفۆرمانسی "شاهی" به وردبوونه‌وه و تیشک خستنه‌سەر کو‌لتوور و داب و نەریته‌کانی فۆلکلۆری کوردی لەگەڵ نمایش‌کردنی هاوبەشی کچان و کوڕانی ئەم شارە، لە دەرهێنانی "ئەحمەد مەشختی" و ژه‌نیاریی موزیکی "محەمەد زەکی" و "مەهدی نووری" پێشکەش کرد کە لە لایەن ئامادەبووان لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک سەرنجیان پێدا و پێشوازییان لێ‌کرا.
تڕه‌یله‌ری فه‌رمی یازدەیه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک":
https://www.youtube.com/watch?v=3cONhph-Rnw
قسەکانی "ئیلهام شاهین" له‌دوای وەرگرتنی خەڵاتی ته‌مه‌نێک دەستکەوتی سینه‌مایی:
https://fb.watch/wnP1TvAhwn/
https://fb.watch/wnQehHdT5v/