ساقیا! هاتم بەرەو مەیخانەکەت
هاتمە خزمەت بادەوو پەیمانەکەت
من کە بێزارم لەدەست ژینم دەبا
قەستی سەر بێ بادە بێ ئامانەکەت
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! دڵ پڕ خەمم ، دڵ پڕ خەمم
بێ دیار و بێ ڕەفیق و هاودەمم
گۆشەیی مەیخانە بۆچیی چۆڵ بکەم
من کە واریسی وەلی و لاس و مەمم
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! هاتم لە دوور ، هاتم لە دوور
لەو مەیەی دەستت نەکەی هەرگیز قسوور
نامەوێ ساتێ بە هوشیاریی بژیم
تێکە بۆم ئا لەو شەرابەی ئاڵ و سوور
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! کوانێ بەشم ، کوانێ بەشم
تۆ دەبینی حاڵی دڵ چۆن وا بەشم..
شێری خەم زامار و ئەنجنراوە، دەی..
خێرە گەر بێیت و بە مەی خۆشکەی کەشم
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! تینووم بە مەی، تینووم بە مەی
مەست و سەرخۆشم بکەی گەر ئەودەمەی
یا بدەی کونجێ لەنێو مەیخانەکەت
تەخت و تاجی پادشا نادەم بە مەی
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! لەو بادە چۆڕێ تێکە بۆم
من بە هوشیاریی کە بێزارم لە خۆم
دەرکی مەیخانەت لە ڕووما دامەخە
با لەوەی زیاتر پەژارە و خەم نەخۆم
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! هاتم بە صەد ئێش و برین
دڵ غەمینم دڵ غەمینم دڵ غەمین
تۆزی ژێر کەوشت هەزار جار ماچەکەم
گەر بە کۆتا بێنی هاوار و گرین
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! هاتوومە لات، هاتوومە لات
صەد کەڕەت عومرم بە حەیران و فیدات
دەمبەدەم بۆم بێنە بادەی تفت و تاڵ
تا شفای ئازاری سەختی من بدات
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
ساقیا! چۆن دەربەرم، چۆن دەربەرم
گەر هیلاکی ناز و غەمزەی دولبەرم
خۆ بە بادەی دەستی تۆ دڵخۆشە بم
با لە مەیخانەش ئەگەر دانێم سەرم
بێ مەییم هەرگیز نەکەی تا ماوی تۆ
ڕۆح و ماڵ و دڵ بە فیدای چاوی تۆ
لەو مەیە تاڵەت نەکەی من بێبەریی
مشتەرییم من مشتەرییم من مشتەریی
پێنجوێنیی
بەرواری نوسین
4-8-2017