Share |

سینه‌م جه‌لاده‌ت به‌درخان خه‌ڵاتى شه‌ره‌فى فه‌ره‌نسى له‌ هه‌ولێر پێ ده‌درێ

 

 

كۆمارى فه‌ره‌نسا ساڵانه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى دیارى جیهان خه‌ڵات ده‌كات و سینه‌م جه‌لاده‌ت به‌درخانیش یه‌كێك ده‌بێت له‌و كه‌سایه‌تیانه‌.

كۆمارى فه‌رنسا ساڵانه‌ ئه‌وانه‌ى رۆلیكى به‌رچاویان گێراوه‌ له‌ یه‌كیك له‌بواره‌كان خه‌ڵات ده‌كات، بۆ ئه‌مسالیش 75 كه‌سایه‌تییان ده‌ستنیشان كردووه‌ له‌جیهان، سینه‌م خان جه‌لاده‌ت به‌درخانیش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا خه‌ڵاته‌كه‌ى واژۆى له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ناوى خه‌ڵاتى شه‌ره‌ف.

سینم خان كه‌ كچى جه‌لاده‌ت به‌درخانى میرى جزیرى بۆتانه‌ كه‌ باوكى داهێنه‌رى پیتى لاتینى كوردییه‌، بۆ (باسنیوز) ئاماژه‌ به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌و مه‌دالیایه‌ ده‌دریته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌جیهاندا دیاربن و مه‌دالیاكه‌ به‌ناوى(لیژیۆندۆنر)ه‌ واتا مه‌دالیاى شه‌ره‌ف، گوتیشى ’ئه‌و مه‌دالیایه‌ میژووه‌كه‌ى بۆ سه‌رده‌مى ناپلیون پۆناپارت ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 1802 ئه‌و مه‌راسیم و مه‌دالیایه‌ى داهیناوه‌ بۆ سه‌ركرده‌كانى سه‌ربازى و كه‌سه‌ ناسراوه‌كان كه‌ خزمه‌تى وڵاته‌كه‌یان كردووه‌، دواتریش به‌كه‌سانى ناودارى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌شیان به‌خشیوه‌ كه‌ كارێكى به‌رچاویان كردووه‌’.

سینه‌م خان به‌درخان راشیگه‌یاند بۆ ئه‌مساڵیش بڕیارى كۆمارى فه‌رنسى ده‌رچووه‌ بۆ پێدانى ئه‌و خه‌ڵاته‌و له‌ ناو ناوى 75 كه‌سدا له‌ وڵاتانى جیا، ئه‌ویش یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ كه‌ ناوى هه‌بووه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و خه‌ڵاته‌، گوتیشى ’رێوره‌سمى پێدانى خه‌ڵاته‌كه‌ هێشته‌ نه‌كراوه‌و وابڕیاربوو له‌ فه‌ره‌نسا بكرێت، به‌ڵام من خۆم داوامكردووه‌ له‌ شارى هه‌ولێرى پایته‌ختى كوردستان خه‌ڵاته‌كه‌م پێ بدرێ’.

 بنه‌ماڵه‌ى به‌درخانییه‌كان بنه‌ماڵه‌یه‌كى ناسراوى كوردن و یه‌كه‌م رۆژنامه‌ى كوردى به‌ناوى ’كوردستان’ له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌وان له‌ قاهیره‌ى پایته‌ختى میسڕ ده‌رچووه‌، له‌ چه‌ند بوارێكى دیكه‌شدا شوێن په‌نجه‌یان دیاره‌.

 

)باسنیوز): شه‌هاب بۆتانى.