بۆ ڕێزگرتن لە خزمەتی پەنجا ساڵەی هونەر و گۆرانی و شیعر و میوزیکی کوردی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 16/5/2022 ڕێزی لە هونەرمەندی ناوداری کورد، شەهرام نازری گرت.
لە وتاری ڕێزلێناندا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناوی نازری وەک کوردێکی ڕەسەن لە بواری هونەردا دیار و درەوشاوەیە و خزمەت و شانازی بە هونەری کوردی دەکات، تا ئێستا زیاتر لە چل ئەلبوومی گۆرانی و میوزیکی بڵاو کردووەتەوە.
وەزیری ڕۆشنبیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، خەڵکی کوردستان سەربەرزن بە میوانداری و ڕێزلێنان لە هونەرمەندی گەورەی کورد، شەهرام نازری.
شەهرام نازری دوای پەنجا ساڵ لە خزمەتی هونەری کوردی دەڵێت: دوای گەشتە دوورودرێژەکانم بە دنیای میوزیکی نەتەوەکاندا، بۆم دەرکەوت ئەوەی تا ئێستا بە پاکی و بێ گۆڕانکاری و لەدەستدانی شوناس مابێتەوە هونەری کوردییە، چونکە سەرچاوەکەی لە زمانی کوردییەوەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و چەند ڕێکخراو و دامەزراوەی دیکە هونەریی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتی تایبەت بە شەهرام نازری بەخشرا.
شەهرام نازری لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا گوتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئێستا لەناو خەڵک و خاکی خۆمدام، لەوەتەی خزمەتی هونەری دەکەم، من هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە بووە کار بۆ پێشخستنی مێژووی کورد و بووژانەوەی میوزیک و هونەری کوردی بکەم.
ئەمڕۆش کە لێرە خەڵات دەکرێم بە رامبەر هەموو ئەو خەڵاتانەی لە ماوەی ڕابردوو و لە سەرانسەری وڵاتانی جیهان وەرم گرتوون، لە هەموویان باڵاترە.
گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر خزمەتی هونەری کردووە، بەڵام دەبێ ئەو خزمەتە کاریگەریی ببێ و هەموو کایە هونەرییەکان بگرێتەوە.
basnews