Share |

عەلی قازیی محەممەد بەرژەوەند خوازێكی بازرگان بە مێژووی كۆماری كوردستانەوە

 

 

رۆژی 13/2/2020 لە "هۆڵی سەمای هۆتێل کاپیتۆڵ " ی شاری هەولێری پایتەخت ، لە کۆڕێک بەشدار بووم بۆ ناسینی کتێبی ( یادگارەکانی کۆماری کوردستان ) لە نووسین و لێکۆڵینەوەی ( بەرێز کاک شار ئۆرەمار) .

لە دوای ئەوەی کاک شار ئۆرەمار شرۆڤەی خۆی لە سەر کتێبەکە تەواو کرد ، چەند کەسێک ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی.

من وەک شەماڵ بۆکانی دەستخۆشیم لێکرد و گووتم تا دوای خوێندنەوەی کتێبەکە ناتوانم راوبۆچوونی خۆم بڵێم ، بەڵام ڕام وایە دەبێت بۆگەرانەوەی باوەڕی تاکی کورد بە تواناکانی خۆی ، تەنیا بەچاپ کردنی ئەو بابەتانە کۆتایی بە ئەرکەکانمان نەهێنین و خەسار ناسی بکەیین و دارێژەی نوێ لە سەر باوەڕی نەتەوەیی ئاراستەی لاوان بکەیین و باوەڕیان پێبێنین كە باوەڕی نەتەوەیی ( ناسیۆنالیستی کوردی ) دوورە لە ڕاسیستی و ڕەت کردنەوەی گەلانی تر ،هەروەها دوورە لەو پێناسەی چەپی ساڵانی شەستەكان دەرخواردی لاوانی كوردیان داوە.

دواتریش ڕاستەوخۆ لە ناو کۆڕەکە گلەییم لە عەلی قازیی محەممەد کرد و گووتم ئەو کاتەی رۆژژمێرەکەی سەردەمی کۆماری کوردستانم بۆ هێنای کە یادگاری باوکی ڕەحمەتیم بووە و پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بووە ، هیچ گرینگیت پێنەدا.

ئەوەی لێرەدا ئامانجمە بیلێم ، وەک پرسیاری ساڵانی رابردوو ، پرسیار لە "کاک شار ئۆرەمار" کرا لە سەر لۆگۆی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان بە ڕابەرایەتی "پێشەوا حەزرەتی قازیی محەممەد "، کە ئاخۆ ئاڵا هەمان ئاڵای ئێستای باشووری کوردستان بووە یان ئەو لۆگۆیەی بە نامەکانی ئیداری و حکوومی سەردەمی کۆماری کوردستانەوە بووە ئاڵای ئەو کاتی بووە ،کە پێک دێت لە گوڵە گەنمەکە و پێنووس و خۆر.

کاک شار ئۆرەمار بە دڵنیایی تەواوەوە وڵامی نەدایەوەو چەند ئاماژەیەکی کرد بەوەی کە "گوڵەگەنمەکە "بووە ، هاوكات کاک شار گووتی لە کتێبەکەدا هەموو پرسیارەکان دەدۆزنەوە.

ئەو وڵامە بەلای منەوە ئاسایی بوو ، چوونکە من باوەڕم وایە ئەگەر لە دوا رۆژدا لە رۆژهەڵات بڕیار بدرێت ئەو لۆگۆیە بکرێتە پێناسەی ئاڵای رۆژهەڵاتی کوردستان منیش ڕێزی لێدەگرم ولام پیرۆزە بە ئێستاشەوە ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ، عەلی قازی و کوڕی سەیفی قازی شەهید لە کۆڕەکەدا بەشدار بوون و هیچ لێدوانێکیان نەدا.

ئەوە لە کاتێکدایە کاک عەلی قازیی محەممەد ئەو کاتەی سەرۆکی «پارتی ئازادیی کوردستان »بوو ، دەیگووت «ئاڵای سەردەمی کۆماری کوردستان هەمان ئاڵای ئێستای باشووری کوردستان بووە »، جارێکیش لە «رووداو» هەروای گوت ، لە ساڵی 2016 کە بۆ چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لە ماڵی خۆی لە هەولێر بە خزمەتیان گەیشتم «هەر وای بەخۆم »گوت.

پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ لە دوای ئەوەی لە سەرۆکایەتی پارتی ئازادیی کوردستان دەستی کێشایەوەو تیکەڵ بە حزبی دیموکرات بوویەوە ، ڕای گۆڕاوە.

تاکەی دەبێت ئێمەی کورد بۆ بەرژەوەندی تاک تێبکۆشین ؟

من پێم وانییە ئەو پەندە ڕاست بێت (گیا لە سەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە).

لە کۆڕەکەدا زۆر کەسانی خاوەن قەڵەم و بەئەزموون و خۆنەویست و یەک دوو کەسی ماستاو چی و قەڵەم فرۆشیش لەوێ بوون

بۆیەش درەنگ ئەو بابەتەم ورووژاند ،نامەوێت بە هەڵخرانی کاتی پێنووس بخەمە گەڕ.

تکایە ڕای خۆتان بنووسن بەڵام تکایە بێخۆرمەتی و بێڕیزی تێدا نەبێت.

 

شەماڵ بۆکانیل