Share |

فيلمى زاگرۆس بەشداری لەفێستيڤاڵێكى گرنگى جيهاندا ده‌كات

ديمه‌نێك له‌ فيلمه‌كه‌
ديمه‌نێك له‌ فيلمه‌كه‌

فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە 71مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگ به‌شدارى دەکات، کە یەکێک لە پێنج کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەکان و لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی 18 تا 29 حوزەیران/ یۆنیۆ لە ئێدنبێرگ لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت و "زاگرۆس" لە بەشی فیلمە ئەوروپییەکاندا نمایشدەکرێت.

 

ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 400 میدیاکار و زیاتر لە هەزار و 300 بەرهەمهێنەر و شارەزایانی بواری سینەمای تێیدا بەشدار دەبن.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرهەمە سینەماییە بەشداری لە 17مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ترانسلڤانیا لە رۆمانیا دەکات کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لەو وڵاتەدا دەژمێردرێت.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی 25 ئایار/ مایۆ تا 1 حوزەیران/ یۆنیۆ لە رۆمانیا بەڕێوەدەچێت و فیلمی "زاگرۆس" لە بەشێکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشدار دەبێت.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە بەشی"Limelight"ـی فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردامدا بەشداربوو کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونە و خەڵاتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

 

هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا بەشداربوو.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن ماڵپەڕی"Cutting Edge"ـی بەلژیکی، لەگەڵ چوار فیلمی دیکەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

 

"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کرد و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی"Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە. 

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە 14مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.

 

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلجیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

 

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وڵاتە.

 

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، زیاتر لە 100 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

 

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد" و دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە کورتەلیستی کورتە فیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم و ئێستا دەرهێنەر خۆی یەکێک لە ئەندامانی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار.

 

 

   Kurdistan 24