لە قەزای قۆسەر (کزل تەپە) سەر بە پارێزگای ماردین لە باکووری کوردستان، شەشەمین پێشبڕکێی خوێندنەوەی شیعری کوردی بە بەشداری 30 خوێندکاری قۆناغی ناوەندی و ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
لە پێشبڕکێیەکەدا منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی دەلال کان دەمیر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
پێشبڕکێیەکە لەلایەن قوتابخانەی ناوەندیی "زەرگان"ـەوە ڕێکخرابوو، تێیدا ئەو خوێندکارانەی کە وانەی بژاردەی زمانی کوردی دەخوێنن لەسەر تەختەی شانۆ بەهرەکانی خۆیان لە خوێندنەوەی شیعری کوردیدا نیشان دا و سەرنجی ئامادەبووانیان ڕاکێشا.
ئومران ئاڵتنکڵچ، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن ڕایگەیاند،"خوێندکاران زۆر بەهرەمەند بوون، بە جۆرێک لە هەندێک ساتدا دیاریکردنی کەسی یەکەم بۆ ئێمە زۆر قورس بوو."
هاوکات تارق یڵماز، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندیی زەرگان ئاماژەی بە بەردەوامیی ئەم چالاکییە کرد و گوتی، "ئێمە ساڵانە ئەم پێشبڕکێیە ڕێکدەخەین و بەپێی توانای خۆمان بەردەوام دەبین. ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم چالاکییە تەنیا لەسەر ئاستی قۆسەر نەمێنێتەوە، بەڵکو هەموو قەزاکانی دیکە و تەواوی پارێزگای ماردین بگرێتەوە."
مامۆستای زمانی کوردی دەلال کان دەمیر، کە سەرپەرشتیاری خوێندکارە یەکەمەکە بوو، خۆشحاڵی خۆی بەم سەرکەوتنە دەربڕی و ڕایگەیاند: "دەلال ئێمەی سەربەرز کرد، زۆر دڵخۆشین بەم بەهرەیەی."
ئەم چالاکییە کلتوورییە، دوای پێشکەشکردنی چەندین گۆرانی و موزیکی کوردی و هەڵپەرکێی و هەڵپەڕکێ لەلایەن ئامادەبووانەوە کۆتایی پێهات.
Nûçe tv