Share |

مه‌رته‌به‌ی گریان… هێمن عومه‌ر خۆشناو- شه‌قڵاوه‌

ئه‌وانه‌ی تا ئێستا له‌ نهێنی گریان گه‌یشتوون، كه‌میان توانیویانه‌ له‌ گریانی خۆیان رامێنن. مرۆ هه‌تا له‌ خۆیدا كه‌شفی زوڵومات نه‌كا ناتوانێ له‌ حه‌قیقه‌تی رووناكی تێ بگا، ئه‌وانه‌یشی به‌ ئه‌زموونی گه‌ڕان به‌ دوای ناخی خۆیاندا پێ به‌ پێ به‌دوای رۆشنایی كه‌وتوون،

هه‌ر ئه‌وانیش قه‌درو قیمه‌تی ئه‌وینی ئه‌و رێگایه‌ و رۆشناییه‌كه‌ی ده‌زانن.. گه‌لێكیش له‌باره‌ی گریان گوتراو زۆریشی بووه‌ نیشانه‌ی وه‌ستای قسان و كۆڵه‌واری ده‌ستان، به‌ڵام تا ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت گریان زۆر به‌ كه‌می مرۆی دروست كرد، كه‌ هێند ناسك بێت ته‌نیا به‌ ئاوی چاوی خۆی بڕوێت و به‌و ئاوه‌ش بتوێته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی به‌ مردنی خۆشه‌ویستانی خۆیان له‌ پڕمه‌ی گریان ده‌ده‌ن، ناهه‌قیان ناگیرێ، چونكه‌ خۆشه‌ویسته‌كانیان له‌ شیری خۆیان به‌ بڕبڕه‌ی پشتێ و له‌ ئاشنای بینایی چاوان بووه‌و چاوی سه‌ر ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر بردوونء هه‌ر چاویشه‌ فرمێسكیان بۆ ده‌بارێنێ و بۆنیان ده‌كات.. به‌ڵام نهێنی هه‌ره‌ گه‌وره‌ء هونه‌ری هه‌ره‌ مه‌زن ئه‌وه‌یه‌ چاوی سه‌ر (یار) ی نه‌دیبێ و بۆی بتوێته‌وه‌، گه‌وهه‌ری نه‌دیوه‌و هه‌ستی پێ ده‌كا، بۆنی واقیعی نه‌كردووه‌و تاسه‌ی رۆحی ده‌كا، رۆح جێی بینایی ده‌گرێته‌وه‌و گریانی راسته‌قینه‌یش- نه‌ك گریانی پشت و خزمایه‌تی- كێڵگه‌ی ئه‌وینی ته‌ڕ ده‌كات و به‌رهه‌می دڵدارو دڵبه‌ری خۆی پێده‌گه‌یه‌نێت.

فرمێسك وه‌ك ئاو نیه‌و یاریده‌ی سوتان ده‌دات، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئه‌سرینانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌وینی مه‌جازیانه‌ی دونیاو سه‌روه‌ت و سێبه‌ره‌كه‌ ده‌ڕژێنرێن، وه‌ك سێبه‌ره‌كه‌ ته‌مه‌نیان كه‌مه‌و هه‌ر زوو ته‌قه‌لۆ دێن, به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بۆ یار هاتوونه‌ خوار چونكه‌ به‌ ئه‌زموونی ده‌گمه‌نی ئه‌وینی راسته‌قینه‌دا رۆیشتوونء له‌ ناسنامه‌ی خۆیاندا ماندوو ماندوو له‌ناو جۆخینی دونیا پاڵیان داوه‌ته‌وه‌، كه‌چی جۆخین ده‌سووتێ و چاوی ئه‌وانیش ته‌ڕ ته‌ڕ فرمێسكی لێ ده‌تكێ. نه‌ك هه‌ر ناسووتێن، به‌ڵكو ئاگری ده‌وروبه‌ری خۆیشیان ده‌كوژێننه‌وه‌و ئاگر چ حه‌ددی هه‌یه‌ تخونی ئه‌و بیناییانه‌ بكه‌وێ كه‌ شه‌پۆڵی گریانی لێ ده‌دا، دۆزه‌خ چ زاتی هه‌یه‌ بگاته‌ گه‌رمی ئه‌و چاوانه‌ كه‌ له‌ چاوی ئه‌وانه‌وه‌ گه‌رمی رۆح كڵپه‌ ده‌دات و شۆڕشی مرۆڤایه‌تی ده‌خولقێنێت.

گریانی ژنان بێ ده‌سه‌ڵاتی نییه‌، گریانێك له‌ قوڵایی دڵه‌وه‌ هه‌ڵبقوڵێت گریانی ئاسایی و حیله‌و حه‌وال نییه‌,گوتراوه‌ ئه‌سرینی پیاوان كاره‌سات ده‌خولقێنێ، به‌ڵام هێشتایش ئه‌گه‌ر عاریفانه‌ نه‌بێ پولێكی سوتاو ناهێنێ.

گریانی عاریفانه‌ به‌ر هه‌موو كه‌س ناكه‌وێت و كه‌سیش نابێ له‌ خۆشییان دا خه‌نی بێت و شایی بگێڕێ، به‌ڵكو ئه‌و عاشقانه‌ به‌ دیداری یار گریانیان دێت و به‌ هیجرانیشیان بۆی ده‌سووتێن و رۆندكان ده‌بارێنن، رێگای گه‌یشتن به‌م پله‌ به‌رزه‌یش به‌ر هه‌موو كه‌س ناكه‌وێتء ئه‌وانه‌ی چوونه‌ته‌ ئه‌م رێگایه‌ خه‌نده‌یان ته‌ڵاق داوه‌و به‌ سرووشكی سوورو ره‌نگی زه‌ردو لێوی وشك و چاوی ته‌ڕه‌وه‌ هه‌ناسه‌بڕكێیانه‌و له‌و بیابانه‌دا به‌ ئاسته‌م نووزه‌یان لێوه‌ دێ:

له‌گه‌ل فریادو گریه‌ حازره‌ فه‌ریادره‌س (مه‌حوی)

(لیبكوا) رێ ده‌دا پیری ته‌ریقه‌ت تیفڵی ساوا بێ

تف له‌ چاره‌ی خه‌نده‌، گریه‌ و شیوه‌نی پێ خۆشه‌ دۆست

داكه‌ ئه‌ی بارانی ئه‌شك، ئه‌ی به‌رقی ناڵه‌ نه‌سره‌وی

 

Hem992003@yahoo. com

 

 

 

 

تیبینی:ئه‌م بابه‌ته‌ گۆشه‌یه‌كه‌ به‌ناوی ئه‌لف و له‌ ژماره‌ 9ی گۆڤاری ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه‌.