Share |

نووسەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆمانێک بڵاو دەکاتەوە

نووسەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان یەکەم ڕۆمانی خۆی چاپ دەکات و ئێوارەی ئەمڕۆش لە دوازدەیەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر بە واژۆی خۆی بڵاو دەکرێتەوە.

 هۆشەنگ ئۆسێ، نووسەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکەم ڕۆمانی خۆی بەناوی "لەژێر بارگرانیی یەقیندا" بە زمانی عەرەبی و لە دووتوێی 380 لاپەڕە لەلایەن وەشانگەی (سوال) لە بەیرووتی لوبنان چاپ و بڵاو کردوووەتەوە و بڕیارە کاتژمیر 2ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2017/ 4/ 12 لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی بە واژۆی خۆی بەڕێوە بچێت.

 هۆشەنگ ئۆسێ، لەم بارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "لە ڕێوڕەسمەکەدا هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کورتەیەک لەبارەی ناوەرۆک و پێکهاتەی ڕۆمانەکە بۆ ئامادەبوان قسە دەکەم و ڕایگەیاند "ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی ئەدەبی و خەیاڵی ڕەخنە لە بیرکردنەوەی داخراو و مرۆڤی دۆگماتیزم دەگرێت، بەتایبەت ئەو مرۆڤانەی کە لەباری ئایینی و ئایدۆلۆژیاوە داخراون، چونکە مرۆڤی داخراو و بیرتەسک ناتوانێ واقیع بکاتە خەیاڵ و بیر ناکاتەوە."

 باسی لەوەش کرد "بەشێکی دیکەی ئەم ڕۆمانە باسی شۆڕشی سووریا و ئاستەنگ و ململانێیەکان و کاریگەریی شۆڕشی سووریا لەسەر دونیا و هاوکات تێوەگلانی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەسەر لە تراژیدیاکانی سووریا دەکات و شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوا و بەربەست و سیاسەتی پەراوێزخستنی پەکەکەش بەشێکی دیکەی ڕۆمانەکەیە، هەڵبەت بە شێوەی هونەری و تەکنیکی ڕۆمان"

 هۆشەنگ ئۆسێ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد، ساڵی 1976 لە شاری (درباسیە)ی سەر بە پارێزگای (حەسەکە)ی ڕۆژئاوای کوردستان لەدایک بووە و پێشتر شەش کتێبی شیعری بە شیوەزاری کورمانجیی سەروو و بە هەر دوو ئەلف و بێی (ئارامی، عەرەبی و لاتین) بڵاو کراونەتەوە و (لەژێر بارگرانیی یەقیندا) یەکەم ڕۆمانییە کە نووسیویە.

 هۆشەنگ یەکێک لە نووسەرە چالاکەکانی هەفتەنامەی (باس)ە لە باکووری کوردستان کە بە کورمانجی بڵاو دەبێتەوە، کە تێیدا گۆشەیەکی تایبەتی هەیە.

 

هاوکات یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە چالاک و ناسراوەکانی ڕۆژنامەگەریی عەرەبییە و لە ڕۆژنامەی (ئەلحەیات)ی لەندەن نووسەرێکی چالاکە و سەرجەم بابەتەکانی لەبارەی پرسی کوردەوە دەنووسێت،ئێستاش دانیستووی وڵاتی بەلجیکایە.

شەریف فەلاح