سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 14ی كانونی دووه‌می 2016، هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان له شاری سلێمانی له ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
عه‌بدولكه‌ریم جه‌لال مه‌حمود عه‌زیز كابان، له ساڵی ١٩٢٧ له گه‌ڕه‌كی شێخانی شاری سلێمانی له‌دایكبووه، ھه‌ر به منداڵی ناردویانه‌ته حوجره‌و له‌وێ فێری خوێنده‌واری بووه، بنه‌ماڵه‌كه‌یان ته‌واو ئاینی بووه.
قۆناخی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی فه‌یسه‌ڵ ته‌واوكردووه، له ساڵی ١٩٤١ یه‌كه‌مین گۆرانی وتووه‌و له‌و ئێزگه‌یه‌ی كه ئینگلیزه‌كان له به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی دایان نابوو.
له‌ساڵی ١٩٤٥ له به‌غدا ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كوردی له رادێوی به‌غدا، له ١/٧/١٩٤٥ له‌شاری به‌غدا ئاھه‌نگێكی گه‌وره ده‌گێرێت، ھه‌رله‌م ساڵه‌شدا یه‌كه‌م به‌رھه‌می خۆی بڵاوكرده‌وه.
كه‌ریم كابان، خاوه‌نی 3 كوڕه به‌ناوه‌كانی، شوان و سۆران و به‌رزان، هه‌روه‌ها خاوه‌نی 3 كچیشه.
له ژیانیدا توشی زۆر ناخۆشی و ده‌ربه‌ده‌ری بووه، ھه‌ر به گه‌نجی ماوه‌یه‌ك له باشووری عیراق ژیانی به‌ڕێكردووه‌و به‌رھه‌مه‌كانی له رادیۆی ده‌نگی عیراق په‌خش كردووه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده خاوه‌نی چه‌ند گۆرانییه‌كه، به‌ڵام گۆرانییه‌كانی هه‌میشه به نه‌مری ماوه‌ته‌وه‌و وێردی سه‌رزمانی هه‌موانن.
كه‌ریم كابان و قادر كابان
به‌رهه‌می ئه‌م هونه‌رمه‌نده پتر له‌نیو سه‌ده خزمه‌تكردنه به هونه‌رو گۆرانی كوردی. كابانی عاشقی هونه‌رو گۆرانی بۆ یه‌كه‌م جار له‌ساڵی 1941 كه ئه‌و كات له‌پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی بووه هه‌ستی به به‌هره‌ی هونه‌ری خۆی كردووه‌و له‌چالاكی قوتابخانه‌كاندا به‌شداربووه، ئه‌وه ده‌ستپێكێك بووه بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده، ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی له‌نێو گۆرانی و هونه‌رو هه‌وادارانی هونه‌ردا به‌سه‌ر بردووه‌و بۆ هونه‌ر چووه‌ته به‌غداو له‌وێ گۆرانی وتووه.
به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه كابانی هونه‌رو كوردایه‌تی له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی عیراقه‌وه دوورخراوه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق و پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری سلێمانی، جارێكی دیكه به‌هۆی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانییه‌وه له ١٩٧٤ دوورخراوه‌ته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی عیراق.
خه‌ندان