Share |

هونه‌رمه‌ند ماھیر گۆرانییەك بۆ بندەستی و بێکەسی کورد دەڵێ

هونه‌رمه‌ند ماھیر

 

هونه‌رمه‌ند، ماهیر محه‌مه‌دئه‌مین، به‌رهه‌مێكی نوێی خۆی كه‌ ڤیدیۆ كلیپێكه‌ به‌ناوی "بنده‌ستی" بڵاوكرده‌وه‌.

تێكستی بەرھەمە نوێیەكه‌ی ماھیر، له‌لایه‌ن رەفیق سابیر نووسراوه‌ و ئاواز و موزیکی ماهیر خۆیه‌تی. ھەروەھا زیرەك ئەمین به‌ ئامێری كه‌مان و ماهیر ئه‌مین به‌ عوود و هۆگر عەزیز به‌ کیبۆرد به‌شدارییان لە بەرھەمەكەدا كردووە‌. كاری ده‌نگی له‌لایه‌ن  زیرەك ئەمین بۆ كراوه‌و میكس و ماسته‌رینگیش له‌لایه‌ن هۆگر عەزیز كراوه‌.

ماھیر محەمەدئەمین، بە كوردستان24 گوت: "گۆرانیەکە باس لەو تراژیدیا بەردەوامە دەکات، کە زیاتر لە سەدەیەکە میللەتێکی زیندووی سەر گۆی زەوی، تێیدا دەژی و ناهێڵن بۆ چرکەیەك پشو بدەین، جەنگ لە دوای جەنگ و فەرمان لە دوای فەرمان لە دژمان دەدرێت،هەموو دنیاش بێدەنگە".

گوتیشی: "تێکستی گۆرانیەکە دکتۆر رەفیق سابیر نووسیویەتی و لاوکەکەی کۆتاییش خۆم نوسیوومە بە سودوەرگرتن لە فۆلکلۆر".

ئاماژەی بەوەشدا: "كلیپەكە لە مۆنتاژكردنی هەڤاڵ حەسەن و كامێرا ئاراس محەمەد و دەرهێنان، هاوکار فەرهاد، بەرھەمھێندراوە، ھەروەھا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو هاوکاران بکەم بە تایبەت مامۆستا رەگەز رەشید، پاڵپشتی زۆری كردووم".

ماھیر محەمەدئەمین، یەكێكە لە ھونەرمەندە ناسراوەكانی كوردستان، خاوەنی چەندین بەرھەمی ھونەرییە، یەكێك لەو بەرھەمانەی زیاتر پێی ناسراوە گۆرانی سێوەخانێیە.

 

  - K24ھەولێر