Share |

چالاکییەکانی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردستان

بە دروشمی "به‌ره‌و ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان"، هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کوردستان، لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵەکە ئێوارەی رۆژی شەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکاران، هونەرمەندان و هۆگرانی هونەر، لە سینەمای ئێمپایەر دەستیپێکرد و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا، ٤٦ فیلم نمایشدەکرێن، لەوانە ٣٦ فیلمیان کێبڕكی بۆ بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵ دەکەن، بە گشت جۆرەکانییەوە.

جگە لە نمایشکردنی فیلم، فێستیڤاڵەکە ژمارەیەک کۆڕ و سمیناریش لەخۆدەگرێت و لەسەر پرسی سینەمای کوردی و جیهانی قسەدەکرێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بە نمایشکردنی نوێترین فیلمی دەرهێنەری کورد بەهمەن قوبادی بەناوی "ئاڵای بێ وڵات" دەستیپێکرد و رۆژانە چەندین فیلم نمایشدەکرێن.

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵەکە، کۆکراوەی ئەو خولانەن کە بەڕێوبەرایەتیی سینەمای هەولێر بەناو و کاتی جیاواز سازیکردوون

 

ZNA  –هەولێر