Share |

ژیانی نووسەر و رۆشنبیری کورد موسا عەنتەر دەبێتە فیلم

 

ژیانی نووسەر و ڕۆشنبیری کورد موسا عه‌نته‌ر لە فیلمێکدا دەگوازرێتەوە بۆ سەر پەردەکانی سینەما. فیلمەکە ناوی 'موسای بێ گۆچان'ە و لە دەرهێنانی ئایدن ئۆراکە و سێ کچ و کوڕی موسا عەنتەریش ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.

بەپێی چەند هەواڵێك کە لە ماڵپەڕی دەرهێنەر ئۆراك لە فەیسبووکدا دانراوە، دیمەنەکانی فیلمەکە لە ماردین و نوسێبین و ئاکارسو و گوندی زڤینگێی شوێنی لەدایکبوونی عەنتەر تۆمار کراون و کاری وێنەگرتن ٤ ساڵی خایەندووە.

١٠ئەکتەریش لە فیلمەکەدا ڕۆڵی عەنتەر دەگێڕن لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا. عەنتەر عەنتەر و رەخشان عەنتەر و دیجلە عەنتەری کوڕان و کچانی عەنتەریش لە فیلمەکەدا ڕۆڵیان گێڕاوە. فیلمی 'موسای بێ گۆچان' کە هەندێك لە کەلوپەلە تایبەتەکانی عەنتەریشی تێدا بەکار هێندراوە، نیاز وایە پایزی ئەمساڵ لە سینەماکانی باکوری کوردستان و تورکیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی پێشان بدرێت.

موسا عەنتەر ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی زڤینگێی نزیك لە نوسێبین لە دایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە نوسێبین و ئەدەنە تەواو کردووە و پاشان لە زانکۆی ئیستانبوڵ یاسای خوێندووە. عەنتەر لە سەرەتای گەنجایەتیی خۆیەوە تێكەڵ بە کاری سیاسی و کولتووری بووە و لەو ڕێگەیەدا گرتن و زیندان و چەرمەسەریی زۆری چێشتووە تا ڕۆژی ٢٠ ئەیلوولی ١٩٩٢ لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە دیاربەکر لەسەر دەستی چەند کەسێکی نەناسراو کوژرا. تاوانی کوشتنی عەنتەر یەکێکە لەو هەزاران تاوانانەی کە لە ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە پارامیلیتارەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە دژی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی باکوری کوردستان ئەنجام دران و هەموویان لە دژی بکەری نادیار 'بە تورکی: فاعیلی مەجهول' تۆمار کراون.

 

)باس)