Share |

یڵماز گونای ٣٧ ساڵە كۆچی كردووە و هەر لە ترۆپكی سینەمای توركیایە

یڵماز گونای
یڵماز گونای

 یڵماز گونای، دەرهێنەری بەناوبانگی توركیا و جیهانی بە رەگەز كورد، ٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا كۆچی دوایی كردووە، بەڵام كاریگەری فیلمەكانی و ئەدای وەكوو دەرهێنەر لە توركیادا تاوەكوو ئێستا قسەی لەبارەوە دەكرێت و وەكوو ترۆپكی سینەمای توركیا ناوی دەهێنرێت.

هەموو ساڵێك میدیاكانی توركیا و جیهان، لە ساڵیادی كۆچی دوایی ئەو سینەماكارە كوردەدا یادی دەكەنەوە و شڕۆڤەی جیا بۆ فیلمەكانی دەكەن. بۆ ٢٠٢١ و لە ٩ی٩ كە ساڵیادی كۆچی دوایی گونایە، بە هەمان شێوە بووەوە بە باسوخواسی میدیاكانی توركیا.

گونای تەمەنی كورت بوو، بەڵام لەو ماوەیەدا توانی بنەمای سینەمای توركیا دابنێت و، دەیان ئەكتەریشی پێگەیاند، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی زۆربەی ئەكتەر و سینەماكارە توركەكان.

تاریق ئاكن ئەكتەری دیاری توركیا، كە بەردەوام لە ترۆپك بووە و بە قۆزترین ئەكتەری سینەمای توركیاش ناوەزەند دەكرێت و چوار ساڵ بەر لە ئستا كۆچی دوایی كرد، لە دیمانەیەكدا باس لە كاریگەری گونای دەكات لەسەری.

ئاكن لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی(CNN)ی توركی، گوتی بۆ یەكەمجارە ئەو نهێنییە ئاشكرا دەكەم، كە ئەوەی منی كردە ئەكتەر گونای بوو.

ئاكن گوتی: ”هیچم لە سینەما نەدەزانی، بەڵام گونای دەستی گرتم و لە فیلمەكانیدا رۆڵی پێدام و كردمی بەو ئەكتەرەی ئێستا“.

بۆ ئەمساڵ زۆر بە جیاواز ساڵیادی كۆچی دوایی گونای كرایەوە، ئەویش مشتومڕی سیاسییەكان و هەروەها سینەماكارانی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵ، كە چەند مانگێك بەر لە ئێستا كرایەوە و وێنە و پڕۆفایلی زۆربەی سینەماكارەكانی توركیای تێدایە، بەڵام وێنەی گونای لەو مۆزەخانەیەدا نەبوو.

بە هۆی ئەوەی وێنەی گونای لەو مۆزەخانەیەدا بوونی نییە، دەیان سینەماكار و نووسەر رەخنەی جیدیان گرت و داوایان كرد بە پەلە ئەو هەڵەیە راست بكەنەوە.

ناگیهان ئاڵچی نووسەری دیاری توركیا، بە توندی رەخنەی لە وەزارەتی كلتووری توركیا گرت، بەوەی  روونكردنەوە بدات ئایە تەنیا لەبەر ئەوەی گونای كوردە وێنەی لەو مۆزەخانەیەدا نییە؟

هەروەها چەند سینەماكارێكیش گوتیان، ئێمە لەسەر دەستی گونای بوین بە سینەماكار، كەچی وێنەی ئێمەی تێدایە، بەڵام ئەوی تێدا نییە. یەكێك لەو سینەماكارانە (نەباهەت چەهرە)یە، كە ناوبانگێكی گەورەی لە توركیادا هەیە.

لە زانكۆكانی توركیا و، لە بەشی سینەما وانەیەكی تایبەت لەسەر سینەمای گونای بوونی هەیە و، هەركەسێك لەو بەشە بخوێنێت ناچارە كتێبێكی تایبەت لەسەر سینەمای گونای بخوێنێتەوە، چونكە شارەزایی گونای لە سینەما ئەوەندە گرنگە، ناتوانن فەرامۆشی بكەن.

یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی گونای هەڵوێستی سیاسی بووە، زۆرجاریش لەسەر ئەو هەڵوێستانە باجی گەورەی داوە.

گونای هەرگیز حاشای لە كوردبوونی خۆی نەكردووە، لە فیلمی (رێگا)ش ناوی كوردستانی هێناوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی دەستگیر بكرێت و فیلمەكانیشی سانسۆر بكرێت. كاتێك توركیای بەرەو فەڕەنسا بەجێهێشت، لە لایەن حكوومەتی توركیاوە ناسنامەی توركیای لێ وەرگیرایەوە.

پاشخان

_ یڵماز گونای لە ساڵی ١٩٣٤ لە كەڕەتاش لە دایكبووە. لە ١٩٨٤ لە پاریس كۆچی دوایی كردووە و هەر لەوێش لە گۆڕستانی كەسە گەورەكاندا نێژراوە.

 

_ گونای دەرهێنەر بوو، ئەكتەر بوو و سیناریستش بوو.

 

_ گونای وەكوو دەرهێنەر كاری دەرهێنانی  بۆ ٢٥ فیلمی سینەمایی و زینجیرەدرامادا كردووە.

 

_ سیناریۆی بە زیاتر لە ٥٠ فیلمی سینەمایی نووسیووە.

 

_ خاوەنی زیاتر لە خەڵاتی نێودەوڵەتییە، كە تاوەكوو ئێستا هیچ دەرهێنەرێكی توركیا نەیتوانیوە ئەو رێژە خەڵاتانە بەدەست بهێنێت، دیارترینیان خەڵاتی كانە.

 

 basnews